سەرۆكی ڕوسیا ڕایگەیاند، وڵاتەكەی جەنگی ناوێت، ئەوەش بە چەند كاتژمێرێك پاش گەڕاندنەوەی هێزەكانی ڕوسیا لە نزیك سنوورەكانی ئۆكرانیا بۆ مۆڵگەكانی پێشوویان، لە یەكەم ئاماژەی ئەگەر دوورخستنەوەی جەنگ پاش چەند هەفتەیەك لە بارگرژی.
ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی ڕوسیا لەمیانەی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئۆلاف شۆڵز، ڕاوێژكاری ئەڵمانیا، كە لە مۆسكۆیە لە هەوڵێكدا بۆ ڕێگری لە ڕۆچوونە ناو جەنگ لەنێوان ڕوسیا و ڕۆژئاوا وتی، چارەسەری گرفتەكە “پێویستە پشت بە ڕێككەوتنەكانی مینسك ببەستێت”.
پوتین ئاماژەی بەوەشكرد، وڵاتەكەی ئامادەیە بۆ تاوتوێكردنی ڕێوشوێنەكانی بنیادنانی متمانە و وتی، “ئامادەین بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان و پەیمانی باكووری ئەتڵەنتیك دەربارەی كۆتوبەندەكانی بڵاوەپێكردنی مووشەك و شەفافییەتی سەربازی”.
لای خۆیەوە ڕاوێژكاری ئەڵمانیا وتی، ڕاگەیاندنی كشانەوەی هێزەكانی ڕوسیا لەسەر سنوورەكانی ئۆكرانیا “ئاماژەیەكی باشە”.
هاوكاتی ئەمە ئۆكرانیا ڕایگەیاند، هەوڵە دیپلۆماسییە هاوبەشەكان لەگەڵ هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەكان سەركەوتووبوون لە دەربازبوون لە بارگرژییە گەورەكەی ڕوسیا، لەكاتێكدا هۆشداریی توند شەقامەكانی كیێف-ی گرتبووەوە.