نمایشێکی سەربازی بەبۆنەی یادی 80 ساڵەی سەرکەوتنی سوپای چین بەسەر سوپای ژاپۆندا، دەبێتە بۆنەیەک بۆ کۆبوونەوەی هەریەک لە شی جینپینگ، سەرۆکی چین، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا و کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور، یەکەمجاریشە ئەم سێ سەرۆکە، پێکەوە کۆببنەوە.
ئاژانسی DWی ئەڵمانی، لە زاری وەزیری دەرەوەی چین بڵاویکردەوە، سەرەتای مانگی ئەیلول، کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور، بە بانگهێشتێک دەگاتە بەیجینگی پایتەختی چین، بەمەبەستی ئامادەبوون لە نمایشێکی سەربازی بەبۆنەی ساڵیادی سەرکەوتنی چین بەرامبەر سوپای ژاپۆن لە ماوەی جەنگی جیهانیی دووەم.
هەر لە نمایشەکەدا، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا وەک هاوپەیمانێکی لەمێژینە و ستراتیجی چین دژ بە بەرەی رۆژئاوا، ئامادەدەبێت.
جێی ئاماژەیە، ئەمە یەکەم سەردانی کیم جۆنگ ئونە بۆ چین لەماوەی شەش ساڵی رابردوودا؛ هاوکات یەکەمجاریشە لەوەتەی کیم جۆنگ ئون لە کۆتاییەکانی ساڵی 2011ـەوە دەسەڵاتی سەرۆکی کۆریای باکووری گرتووەتەدەست، پێکەوە لەگەڵ هەریەک لە شی جینپینگ، سەرۆکی چین و، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا کۆببێتەوە.