ئەمڕۆ لە پەرلەمانی ڕوسیا دوو پڕۆژەیاسا گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت و ئەگەر هەیە پەسەند بكرێن، كە دەكرێت ببنە بیانووی ڕوسیا بۆ هێرشكردنە سەر ئۆكرانیا.
ڤیاچیسلاڤ فۆلۆدین، سەرۆكی پەرلەمانی ڕوسیا ئاشكرایكردووە، ئەمڕۆ قسە لەبارەی دوو پڕۆژەیاسا دەكەن كە تایبەتن بە داننانی مۆسكۆ بە هەردوو “كۆماری دۆنیتسك و لۆهانسك”، كە دەكەونە ناوچەی دۆنباس ڕۆژهەڵاتی ئۆكرانیا.
لە پڕۆژەیاسایەكیاندا داوا لە ڤلادمێر پوتین دەكرێت دان بە هەردوو كۆمپارەكەدا بنێت، لەكاتێكدا لەوەی دووەمیاندا داواكراوە جگە لە ڕەزامەندیی پوتین، داوای ڕا و ڕەزامەندیی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا و دامەزراوەكانی دیكەش كراوە.
لە ئەگەری پەسەندكردنی ئەو پڕۆژەیاسایانە، دەبنە بیانوو بەدەست ڕوسیا و پوتینەوە بۆ ئەنجامدانی “هێرشە چاوەڕوانكراوەكە” بۆسەر ئۆكرانیا.
ناوچەی دۆنباس-ی ئۆكرانیا هاوسنوورە لەگەڵ ڕوسیا و لە ساڵی 2014وە جووداخوازەكانی ناوچەكە شەڕی هێزە ئۆكرانییەكان دەكەن.