ژمارەی قوربانییانی رێگای گەیشتن بە ئەوروپا ئاشكراكرا

رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی رایدەگەیەنێت، ساڵی رابردوو نزیكەی سێ هەزار و 800 كەس لە رێگای كۆچ لە باكووری ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گیانیان لەدەستداوە، بەرزترین ژمارەیە لە ساڵی 2017ەوە.

رێكخراوە نێودەوڵەتییە لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، ژمارەی قوربانییان بە رێژەی 11% زیاترە لەو ژمارەیەی لە ساڵی 2021دا تۆماركراوە، بەرزترینە لەدوای گیانلەدەستدانی چوار هەزار و 255 كۆچبەر بەر لە شەش ساڵ.

پێشیوایە ژمارە راستەقینەكەی قوربانییان زۆر زیاتر بێت، بەهۆی دەگمەنی زانیارییە فەرمییەكان و سنوورداریی گەیشتنی رێكخراوەكانی كۆمەڵەی مەدەنی و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بە رێگاكانی كۆچ.

تەنها لە رێگای وشكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست 825 حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆماركراوە، 203 حاڵەتی هاوشێوە لە رێگاكانی ناوچەكانی باكووری ئەفریقا هەبووە، لەكاتی پەڕینەوەدا بە بیابانی گەورەدا.

زۆرینەی قوربانییانی سەر رێگای وشكانی لە ناوچەكەدا ساڵی رابردوو لە یەمەن بووە، “دوای زیادبوونی توندوتیژی دژ بە كۆچبەران”، بەهۆیەوە لانیكەم 795 كەس گیانیان لەدەستداوە، باوەڕوایە زۆرینەیان ئەسیوبی بووبن، لەسەر رێگای نێوان یەمەن و سعودیە.

لەكاتێكدا زۆرترین قوربانیی رێگا وشكانییەكانی باكووری ئەفریقیا لە لیبیا تۆماركراوە، كە 117 حاڵەتی مردن بووە.

هەروەك تێبینی زیادبوونی رووداوە مەرگئامێزەكان لەسەر رێگا دەریاییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا بۆ ئەوروپا لە ساڵی 2022دا كراوە، سەرەڕای تێبینی بەرزبوونەوەی ئەو بەلەمانەی لە لوبنانەوە بەرەو یۆنان و ئیتاڵیا بەڕێدەكەون، بەهۆیەوە لانیكەم 174 حاڵەتی گیانلەدەستدان لەمیانەی ئەو هەوڵانەدا تۆماركراوە.

بەپێی سایتی رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی، لە ساڵی 2022دا دوو هەزار و 406 كۆچبەر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆژئاوای دەریای سپیی ناوەڕاست گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون.

بەپێی راپۆرتەكەی رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی “نزیكەی 84%ی ئەوانەی لە رێگای دەریایی گیانیان لەدەستداوە تائێستا ناسنامەیان بە نەزانراوی ماوەتەوە، بەوەش خێزانەكانیان بێهیواكانیان بەدیاری گەڕان و وەڵامدا جێهێشتووە”.

بابەتی پێشتر

وەک بەڵێنیان دابوو نە سازشیان کرد و نە ‌هێشتیان هێڵە سوورەکان ببەزێندرێن

بابەتی دواتر

ترەمپ دادگایی دەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share