یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی ئامادەیە بۆندی فیلیپی کۆتینیۆ بە شێوەی هەمیشەیی و بە نرخێکی کەمتر لەگەڵ یانەی ئەستۆن ڤێلا واژووبکات.
ڕۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی بڵاویکردووەتەوە، کۆتینیۆ بەدرێسی یانەی ئەستۆن ڤێلاوە توانیویەتی لە دوایین ڕووبەرووبوونەوەکاندا دوو گۆڵ و دوو ئەسیست تۆماربکات، یاریزانەکە گەڕاوەتەوە سەر ئاستە ناوازەکەی و ستیڤن جێراردی ڕاهێنەری ڤێلانس داوایکردووە بۆندەکەی لە خواستنەوە بۆ هەمیشەیی بگۆڕدرێت.
بەپێی سەرچاوەکە، بەرشلۆنە بەرامبەر کۆتینیۆ داوای 34 ملیۆن پاوەندی کردووە، بەڵام بەوپێیەی بوونی ئەو یاریزانە لە ڕیزەکانیان کێشەی داراییان لە ڕێساکانی یاریی خاوێن دروستکردووە، دەیانەوێت بەزووترین کات بیفرۆشن و خۆیان لە کێشەکان دەربازبکەن.
لێرەوە یانەی بەرشلۆنە پێشنیازی بۆ ئیدارەی ڤێلانس کردووە، بە تێچوویەکی کەمتر یاریزانەکەی بەرازیلیان پێبفرۆشێت، ئەو نرخەش کە پێشبینیکراوە لەنێوان 21 بۆ 25 ملیۆن یورۆدایە.