ئەو دوورییە زۆرەی لەنێوان هەریەك لە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی ڕوسیا و ئیمانوێل ماكرۆن-ی هاوتا فەرەنسییەكەی هەبوو، لەمیانەی سەردانەكەی ئەمدواییەی بۆ مۆسكۆ، دەنگۆی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. مۆسكۆ هۆكارەكەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە ماكرۆن ئەنجامدانی پشكنینی كۆرۆنای ڕەتكردووەتەوە، ماكرۆن بۆ ڕەتیكردەوە؟
كرملین ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا بەدوورییەكی زۆر لە ڤلادیمێر پوتین ماوەتەوە لەمیانەی وتوێژەكانی هەفتەی ڕابردوویاندا، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ماكرۆن ڕەتیكردوەتەوە پشكنینی كۆڤید-19 لە ڕوسیا ئەنجامبدات، بەر لە كۆبوونەوەكانیان.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی یاوەری سەرۆكی فەرەنساوە ڕایگەیاند، ڕەتكردنەوەكە بۆ ڕێگری لە ڕوسەكان بووە تا دەستیان بەر ترشی ناوەكی سەرۆكی فەرەنسا بكەوێت.
ئەو ڕەتكردنەوەیە بووە هۆی دیاریكردنی مەودایەكی درێژ لەنێوان سەرۆكی میوان و سەركردەكەی ڕوسیا لەمیانەی وتوێژە درێژەكانیان لە ڕوسیا دەربارەی قەیرانی ئۆكرانیا.
وێنەی هەردوو سەرۆك بەشێوەیەكی بەرچاو بڵاوبووەوە كاتێك دوور لە یەك و هەر یەكێكیان لە لێواری ئەمسەر و ئەوسەری مێزێكن، ئەمەش دەنگدانەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا لێكەوتەوە. هەندێك لە دیپلۆماتكاران ڕایانگەیاند، پێدەچێت پوتین بەو كارەی پەیامێكی دیپلۆماسی بگەیەنێت.
بەڵام دوو سەرچاوەی ئاگادار لە پرۆتۆكۆلی تەندروستیی سەرۆكی فەرەنسا ڕایانگەیاند، ماكرۆن لە بەردەم دوو بژاردەدا بووە، یان قبوڵكردنی تاقیكردنەوەی (پی سی ئاڕ) كە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ڕوسیاوە ئەنجامدەدەرێت بۆ ڕێگەدان بە نزیكبوونەوە لە پوتین، یان ڕەتكردنەوە كە ئەمەش واتای پێویستیی گرتنەبەری ڕێوشوێنەكانی دیكەی خۆپارێزی دەدات وەك لێكدووری و تەوقە نەكردن.
ڕۆیتەرز لە زاری یەكێك لە سەرچاوەكان وتی، قبوڵمان نەكرد دەستیان بگەیەننە ترشی ناوەكیی سەرۆك، وەك ئاماژەیەك بۆ مەترسییە ئەمنییەكان لەكاتێكدا ئەگەر ماكرۆن لەسەر دەستی پزیشكانی ڕوسی پشكنینی بۆ بكرایە.
هەر سەبارەت بەو پرسە دیمیتری بیسكۆڤ، وتەبێژ بەناوی كرملین ڕایگەیاند، لێكدوورییەكە هیچ پەیوەندییەكی بە سیاسەت و بەهیچ جۆرێكیش لە جۆرەكان كاریگەری لەسەر وتوێژەكان نابێت.
تەنها سێ ڕۆژ دوای كۆبوونەوەكەی ماكرۆن و پوتین، سەرۆكی ڕوسیا پێشوازی لە قاسم جومارت توكاییڤ، سەرۆكی كازاخستان كرد. لەو دیدارەدا هەردوو سەرۆك تەوقەیان كرد و نزیك لە یەك دانیشتن، تەنها مێزێكی بچوك لەنێوانیاندا بوو بۆ دانانی قاوە.