فڕۆکەیەکی ئەمریکی لەکاتی نیشتنەوەیدا گڕیگرت، بەڵام توانرا سەرجەم سەرنشینەکانی رزگاربکرێن کە ژمارەیان 172 سەرنشین بوو.
میدیا ئەمریکییەکان بڵاویانکردەوە، فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری ئەمریکی، لە جۆری بۆینگ (800-737) کە سەر بە کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی ئەمریکا بووە، دوای ئەوەی دەیەوێت لە فڕۆکەخانەی دێنڤەر بنیشێتەوە، گڕ دەگرێت.
ئەوەشیان خستووەتەڕوو، وردەکاری رووداوەکە بەهۆی گڕگتنی یەکێک لە بزوێنەرەکانی فڕۆکەکەوە بووە و کاتێک فڕۆکەکە نیازی نیشتنەوەی هەبووە کێشەی بۆ دروستبووە.
ئاماژەیان بەوەشداوە، رووداوی گڕگرتنەکە بەدوور بووە لە زیانی گیانی و سەرجەم سەرنشینانی فڕۆکەکە کە ژمارەیان 172 سەرنشین بووە، دوای رووداوەکە رزگارکراون گواستراونەتەوە بەرەو شوێنێکی پارێزراو.