حزبی دیموکرات وەڵامی مەسعود بارزانی دایەوە

حزبی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە ناوەڕۆکی کتێبە نوێیەکەی مەسعود بارزانی، لەبارەی پرسی بەرپرسانی حزبی دیموکرات ڕایگەیاند، “مێژوو دەبێت کەسانی بێلایەن بینوسنەوە”.

حزبی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، ” سەرەتا پێویستە ئەو ڕاستییە بخەینە ڕوو کە شێواندنی مێژوو، و بەلاڕێدا بردنی ڕاستی ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە لە هەر لایەکەوە بێت نەک یارمەتی بە مێژوویی واقعی ڕووداوەکان ناکات بەڵکو بەکارێکی ناتەبا لەگەڵ ڕاستی ڕووداوەکان و زیان گەیاندن بە مێژوو دادەنرێت”.

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کتێبەکەیدا بەناوی ” بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد” چەند تۆمەتێکی ئاڕاستەی سەرکردە کۆنەکانی حزبی دیموکرات کردووە، سەبارەت بە پەیوەندییان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.

حزبی دیموکرات لە وەڵامەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، ” باسکردن لەم باس و بابەتانەی کە لە کاتی خۆی لە کەشوهەوای نا دۆستایەتییەکاندا وتراون و بڵاوکردنەوەی بە شێوەیەکی تایبەتی و ڕەنگە ئامانجدار، بێجگە لە بریندارکردنەوەی هەستی ڕۆڵەکانی نەتەوی کورد، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرهەمێکی دیکەی لێ ناکەوێتەوە بە تایبەت کە خوێندنەوەکانی بەڕێزیان لەسەر ڕووداوەکان خوێندنەویەکی یەک لایەنە و هەموو تاوانەکانی خستۆتە ئەستۆی حیزبی دیموکرات و پارتی بێ تاوان و بێ هەڵە نیشان داوە کە لانیکەم ئەم چەشنە قەزاوەتە و تا ئەو ڕادەیە دوور كەوتنەوە لە بێ لایەنی و مێژوویی واقعییەتی رووداوەکان لە بەڕێزیان چاوەڕوان نەدەکرا”.

لە وەڵامەکەی حزبی دیموکراتدا هاتووە “بەتایبەت ئەوەی پێوەندی بە سەربەخۆیی سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە هەیە کە د.قاسملو پایەدانەری بووە و ئێستاش دڕێژەی هەیە بە سەنەد و مەدرەک و شاهیدی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە هەر دوو بەشی  باشوور  و رۆژهەڵاتی کوردستان  سەلمێندراوە و لە بەرچاوی بیروڕای گشتی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە”.

حزبی دیموکرات بەردەوامیداوە و ڕایگەیاندووە، ” ئێستا لەو بارودۆخەدا چاوەڕوانمان لە دۆستان و دڵسۆزانی حیزبی دیموکرات ئەوەیە کە لەو هەلومەرجە هەستیارەدا بە وشیاری و هەست بە بەرپرسایەتییەوە لەو بابەتە بڕوانن و هەڵسەنگاندنەکان جۆرێک بن کە  لە بەرژەوەندیی گشتیی نەتەوەیی و لە قازانجی تەبایی نێوان هێزە سیاسییەکاندا بشکێتەوە”.

بابەتی پێشتر

بەهۆی ئۆکرانیاوە چەک و فڕۆکە لە ئەوروپا و دەوروبەری کۆدەکرێنەوە

بابەتی دواتر

ئەوقافی سلێمانی لەبارەی ڕووخاندنی مزگەوتێکی کۆن ڕوونکردنەوە دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share