سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق داوای شیكردنەوە بۆ ماددەی 72ی دەستوور دەكات دەربارەی بۆشایی دەستووری لەبارەی پرسی سەرۆك كۆمارەوە.
لە نووسراوێكدا كە بە ژمارە 295 لە ئەمڕۆ سێشەممە 8ی شوبات ئاراستەی سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی كردووە، سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق دەڵێت، “داوا لە دادگاكەتان دەكەین شیكردنەوە بۆ ماددەی 72 بكەن، كە دەقەكەی چارەسەری دیارینەكردووە، لەكاتێكدا ئەگەر ئەنجومەنی نوێنەران نەتوانێت چارەسەری داوا دەستوورییەكان بكات و مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخەكە لەبارەی ئەرك و كارەكانی سەرۆك كۆمار لەو ماوەیەدا بەمەبەستی ڕوونەدانی بۆشایی دەستووری”.
دوای ئەوەی ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران ئامادەی دانیشتنەكەی دوێنێی ئەنجومەنی نوێنەران نەبوون، دانیشتنەكە كرا بە ڕاوێژكاری، بڕگەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دواخرا.
بەپێی ماوە دەستوورییەكان، پێویست بوو دوێنێ ئەنجومەنی نوێنەران سەرۆكی نوێی كۆماری عێراق هەڵبژێرێت، بەڵام ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران نەچوونە هۆڵی پەرلەمانەوە، سەرۆكایەتیی ئەنجومەنەكە چەند جارێك زەنگی چوونەژوورەوەی لێدا، بەڵام بێسوود بوو.
پێشبینیكراو بوو دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار سەرنەگرێت، بەتایبەت دوای دوو هەڵوێست لە موقتەدا سەدر و بڕیارێك لە دادگای فیدراڵییەوە، كە پرسەكەیان ئاڵۆزتر كرد.