پرسی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لەعێراقدا مشتومڕی بەردەوامی لەسەرە، لێدوانە فەرمییەكان لەوبارەیەوە باسلەوەدەکەن، ڕێژەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لەناو گەنجان و بەتایبەت خوێندکارانی زانکۆ و قوتابخانەکان و ئەوانەی کارەکانیان لەدەستداوە، لەئاستێکی بەرزدایە.
بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەکان یەکێکە لەو دیاردانەی کە لەگەشەسەندندایە، بەجۆرێک لە سەرجەم شارە عێراقییەکاندا بڵاوبووەتەوە، بەتایبەت باشووری وڵات، لەناویشیاندا شاری بەسرەی دەوڵەمەند بە نەوت و پەیوەست بە سنوورەکانی ئێرانەوە، هەروەها شاری موسڵی باکووری وڵات.
بەڕێوەبەرایەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاندووە، لە ماوەی 22 مانگدا 17 هەزار کەسیان بەتۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکردووە.
بەپێی ئەو لایەنە فەرمییە عێراقییە، بەشێک لەوانە لەکاتی هەوڵی دەستگیرکردنیاندا ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بوونەتەوە.
ژمارەیەک لە شارەکانی عێراق ئاماری مەترسیداریان تێدا تۆمارکراوە، لەوانە، بەسرە، نەینەوا، عەمارە و بەغداد، هەروەها پارێزگای ئەنباری ڕۆژئاوای وڵات بووەتە سەرچاوەی هاتنی ملیۆنان حەبی کەپتاگۆنی هۆشبەر.
بەسرە لە پارێزگا هەرە زیانمەندەكانی عێراقە و هۆکارەکەشی بۆ شوێن و هەڵکەوتەی جیۆگرافیی شارەکە دەگەڕێتەوە.
یەکێک لەو گەنجانەی بەسرە کە بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرە بەناوی “حەیدەر”، کە ناوێکی خوازرەوە دەڵێت، لە هاوڕێکانمەوە فێربووم، بازرگانان و فرۆشیارانی ماددە هۆشبەرەکان گەنجان و نەوجەوانان دەکەنە ئامانجی ساغکردنەوەی ماددەکانیان، گەنجان و نەوجەوانان زۆرترین کڕیارن، لەدوای کەسانی ئالودەبوو.
بەڕێوەبەرایەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق دانی پێدادەنێت، كە بەهۆی هاوسنووریی بەسرە لەگەڵ ئێران، لەو وڵاتەوە بڕیكی زۆر ماددەی هۆشبەر دزەی پێدەکرێتە ناو شارەکەوە، بۆیە بەسرە لە هەرە زیانمەندترین شارەکانی عێراقە.
نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبەت بە ماددەی هۆشبەر و تاوانەکان، لە ئاماری ساڵی ڕابردوویدا ئاماژەی بەوەکردووە، ماددەی کریستاڵ، کە مەترسیدارترین جۆری ماددەی هۆشبەرە، زۆرترین بڵاوبوونەوەی هەیە لە عێراقدا.
بەپێی راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، تا ساڵی 2003 عێراق ڕێڕەوێك بووە بۆ گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان بەبێ ئەوەی ڕێژەیەکی زۆر لە بەکارهێنان و بازرگانیکردن تۆماربکرێت، لەکاتێکدا ئێستا ئامارەکان لەئاستی بەرز و مەترسیداردایە.