توێژینەوەیەکی نوێ هۆشداری لە زیانەکانی چاودێریکردنی وێنە و دەرکەوتنە نموونەییەکانی کیم کارداشیان دەدات لەلایەن ژنانی جیهانەوە لەڕێگەی پێگەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە و بە زیان بۆ تەندروستیی دەروونیی ژنان دایدەنێت.
تویژینەوەکە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی “یۆرک”ـەوە ئەنجامدراوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ژنان هەوڵدەدەن جەستەیان هاوشێوەی ئەو وێنە نمونەییانەبێت کە کەسانی بەناوبانگ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پێیدەردەکەون لەڕووی ڕێکیی جەستە، لاوازی و سەرنجڕاکێشییەوە، یەکێک لەو کەسایەتییانەش کیم کارداشیانی ئەستێرەی ئەمریکییە.
گۆڤاری Body Imageی ئەمریکی ئەنجامی توێژینەوەکەی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا 400 خوێندکاری زانکۆ بەشدارییان پێکراوە، بۆ وەرگرتنی بۆچوونیان سەبارەت بەو کەسە بەناوبانگانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە جەستەیان نمایشدەکەن.
سارە ماکۆمب یەکێک لە سەرپەرشتیارانی توێژینەوەکە دەڵێت، “چاودێریکردنی وێنە نمونەییەکانی کەس بەناوبانگەکان لەلایەن ژنان و کچانەوە دەبێتەهۆی زیانی تەندروستی، چونکە دەیانەوێت جەستەیان هەمان شێوەی ئەو وێنانە لێبکەن و بەو جۆرە دەربکەون”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، “بەشێوەیەکی گشتی دەبینین ژنان دەیانەوێت لاسایی سێ جۆر جەستە بکەنەوە کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستگرام دەردەکەوەن، ئەوانیش (جەستەی تەواو لاواز، جەستە خاوەن کێشە نموونەییەکان و ئەوانەی جەستەیان هاوشێوەی کاتژمێری لمییە).
ئەو پسپۆڕە دەروونییە ئاماژە بۆ مەترسییەکانی ئەو کارە دەکات و دەڵێت، بەشێوەیەکی بەردەوام چاودێریکردنی ئەو جەستە نموونەییانە ئەگەری هەیە ببێتەهۆی لادانی زۆر لە سیستمی خۆراکیدا، ئەوەش یەکێکە لەو پرسانەی مایەی نیگەرانین، هەروەها زۆر پەنابردن بۆ نەشتەرگەرییە جوانکارییەکان و بەکارهێنانی کەرەستە دەستکردەکان سەرەڕای ئەو فلتەرانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنرێن، ئەم هۆکارانە دەبنەهۆی تێڕوانینی ناواقعی بۆ پێوەرەکانی جوانی و بەرواردی زیانبەخش.
پسپۆڕانی بەشدار لە توێژینەوەکەدا داوادەکەن ژنان دووربکەونەوە لە چاودێرکردن و لاساییکردنەوەی ئەو وێنە نموونەییانە.
ئاماژەیان بۆ ئەوەش کردووە، بەردەوامبوونی دۆخێکی لەوشێوەیە بە تێپەڕبوونی کات دەبێتەهۆی ناڕازیبوون لە شێوازی جەستەی کەسەکان و لادانی دەروونی، گۆشەگیری و نەمانی ڕێزگرتنی خوود لەلایەن کەسەکان خۆیانەوە، ئەمانەش سەردەکێشن بۆ لەدەستدانی کێشی جەستە بەشێوەیەکی بەرچاو، نەمانی ئارەزووی خواردن و تووڕەیی و نەخۆشیی دەروونیی دیکە.