ئیدارهى خۆسهر له ڕۆژئاوای كوردستان قەدەغەی گشتی لە حەسەکە و بەشێک لە ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی خۆسەری ڕاگەیاند، توركیاش تۆمەتبار دەكات بەوەی لەڕێی داعشەوە دەیەوێت سەقامگیریی ڕۆژئاوای كوردستان تێكبدات.
له ڕاگهیهندراوێكدا ئیدارهى خۆسهر ڕایگەیاند، بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێمەكە، قەدەغەی گشتی بەسەر کانتۆنی حەسەکە و بەشێک لە ناوچەکانی دیکەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەدا دەسەپێنێت.
ڕوونیشیکردووەتەوە، خۆسهر تا هەفتەیەک قەدەغەی تەواوی هاتوچۆی ناوخۆیی و دەرەکی بۆسەر شاری حەسەکە ڕادەگەیەنێت، كە لە ئەمڕۆ 24ی کانوونی دووەمەوە تا 31ی کانوونی دووەم دەستپێدەکات و قەدەغەکردنەکە گشتییە، تەنها دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانی وەک نانەواخانە، ئاش، بنکەی تەندروستی، سووتەمەنی و شارەوانییەکان، کە سروشتیان جیاوازە، کار دەکەن”.
ههروهها لە هەندێک ناوچەی دیکە قەدەغەی هاتوچۆ بەشێوەی سنووردار ڕاگەیەندراوە، هاتوچۆی نێوان شارەکان قەدەغە دەکرێت بۆ پاراستنی ئەمنیەتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.
بڕیارەكەی ئیدارەی خۆسەر دوای پێكدادانەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی حەسەكە و بەندیخانەی غوێران دێت، كە تیایدا شكست بە هەوڵێكی هەڵاتنی چەكدارانی داعش هێنرا و هەسەدە دەڵێت، 175 چەكداری داعشیان كوشتووە.
خۆسهر لە ڕاگەیەندراوەكەیدا بەڕوونی تورکیا تۆمەتبار دەكات بەوەی لەپشت هێرشەكەوە بووە، دووپاتیكردووەتەوە، توركیا شکستیهێنا لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی لە تێکشکاندنی ئاسایش و سەقامگیریی ئیدارەی خۆسهر، بۆیە جارێکی تر ڕووی لە داعش کرد بۆ ئەوەی ئامانجەکانی خۆی لە تێکشکاندنی ئیدارەكه و دەستکەوتەکانی بەدەستبهێنێت.
ئهوهشهاتووه، “بەرخۆدانی هێزەکانی سوریای دیموکرات – هەسەدە و هێزە ئازاکانی ئاسایشی ناوخۆ، ئەم هێرشەیان لە دژی گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و پێکهاتەکانی تێکشکاند و ئامانجی دەوڵەتی تورکیایان پووچەڵ کردەوە”.