دوایین پێشهاتی وتووێژەكانی نێوان ڕەوتی سەدر و چێوەی هەماهەنگی ئاشكرادەكرێت

ئەندامێكی هاوپەیمانیی فەتح دوایین پێشهاتەكانی وتووێژی نێوان ڕەوتی سەدر و چێوەی ‏هەماهەنگی دەربارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێ لە عێراق ئاشكرادەكات.‏

موختار موسەوی، ئەندامی هاوپەیمانیی فەتح، یەكێك لە لایەنە شیعەكانی پێكهێنەری ‏چێوەی هەماهەنگی، ڕایگەیاند، ئەگەرەكانی گەیشتن بە ڕێككەوتن لەنێوان چێوە و ڕەوت ‏لەماوەی ڕۆژانی داهاتوودا زۆر لاوازە، ئاشكرایكرد، “ناكۆكییەكان تائێستا لەنێوان ‏هەردوولا لەئارادان”.‏

موسەوی ماڵی شیعەی لە ئێستادا بە “پیاوێكی نەخۆش” چواند، هەمان ئەو وێناكردنەی بە ‏دەوڵەتی عوسمانی دەوترا بەر لە هەرەسهێنانی.‏

ئەندامەكەی هاوپەیمانیی فەتح، كە هادی عامری سەرۆكایەتیی دەكات داوای لەهەردوولا ‏كرد “لەسەر مێزی گفتوگۆ كۆببنەوە و بەرژەوەندیی گەلی عێراق بخەنە لیستی ‏پێشینەكانیانەوە”.‏

لەوەتەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكەی تشرینی یەكەمی ڕابردووی ئەنجومەنی نوێنەران ‏دەركەوتووە، سەرەتای ناكۆكییەكانی نێو ماڵی شیعە سەریانهەڵداوە.‏

ڕەوتی سەدر سوورە لەسەر پێكهێنانی حكومەتی “زۆرینەی نیشتمانی”، لایەنەكانی دیكەی ‏شیعە، كە لە چێوەی هەماهەنگیدا كۆبوونەتەوە، خواستی بەشدارییان لە حكومەتی داهاتوو ‏هەیە و داوادەكەن هاوشێوەی ڕابردوو حكومەتێك لەسەر بنەمای سازان پێكبهێندرێت.‏

ڕۆژی یەكشەممە 9ی ئەم مانگە ئەنجومەنی نوێنەران یەكەم كۆبوونەوەی ئەم خوولەی ‏خۆی ئەنجامدا و دوای سوێندخواردنی یاسایی پەرلەمانتاران، سەرۆكی ئەنجومەنەكە و ‏هەردوو جێگرەكەی هەڵبژێردران، دانیشتنەكە ناڕەزایی لایەنەكانی چێوەی هەماهەنگیی ‏لێكەوتەوە و سكاڵا تۆماركراوە بۆ یەكلاكردنەوەی یاساییبوون و یاسایینەبوونی دانیشتنەكە.‏

بابەتی پێشتر

ڕوانگەی سوری ئاماری كوژراو و شەهیدەكانی ئاڵۆزییەكانی حەسەكەی بڵاوكردەوە

بابەتی دواتر

پێنجوێن بەردەوامە لە تۆمارکردنی نزمترین ئاستی پلەی گەرما

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share