ساڵح موسلیم: هێرشەكەی حەسەكە لە توركیاوە بڕیاری لەسەردراوە

ساڵح موسلیم

بەرپرسێكی پەیەدە دەڵێت، ئەو هێرشەی شەوی پێنجشەممە كرایەسەر بەندیخانەیەكی ‏تایبەت بە داعش لە حەسەكە، لەلایەن توركیاوە ڕێكخراوە و گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵكراوە ‏و سەرچەتەیەكی دەستگیركراوی پێشووی داعش دانی بە پیلانەكەدا ناوە.‏

ساڵح موسلیم، ئەندامی هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی پارتی یەكێتیی دیموكرات (پەیەدە) ‏لەبارەی هێرشەکەی چەكدارانی داعش بۆسەر زیندانی غوێران-ی حەسەکە ڕایگەیاند، ‏شانە نووستووەکانی داعش لە ناوچەکە، هەموو پێداویستییە سەربازی و لۆجستییەکانیان لە ‏ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی سوپای تورکیا و عێراقەوە پێدەگات، بۆیە دیارە ئەوان دەستیان ‏لەم هێرشەدا هەیە، وا تێدەگەین کە ئاماژەیەکە ئامادەکاریی بۆ ئەم هێرشە دەکرێت.‏

ئاژانسی فورات نیوز لەزاری موسیلم وتیشی، “مانگێک بەر لە ئێستا، هێزەکانی هەسەدە ‏لە ئۆپەراسیۆنێکدا سەرچەتەیەکی داعشیان دەستگیرکردووە، ئەو سەرچەتەیە پیلانەکەی ‏ئاشکراکردووە و دانیبەوەداناوە، کە پیلانیان هەبووە بە ئۆتۆمبێلی بۆبمڕێژکراو ‏هێرشبکەنەسەر زیندانەکە و دواتر چەتەکان بچوونایەتە ژوورەوە و چەتەکانیان لە زیندانە ‏دەربکردایە”.‏

ئەو ئەندامەی هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی پەیەدە ئاماژەی بەوەشكرد، لە دانوستانەکانی ‏ئەمدواییەی ئەستانە، 10 خاڵ گفتوگۆیان لەسەر کراوە، کە هەشت خاڵیان پەیوەندییان بە ‏باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە هەبووە، ئەم ناوچانە وەک ناوچەی تیرۆر ناوزەندکراوە ‏و داوای هەڵوەشاندنەوەی کراوە، بۆیە ئەم ڕووداوانەی کە لە ڕۆژئاوا ڕوودەدەن ‏سەرجەمیان لە چوارچێوەی ئەو پیلانگێڕییەدان بۆ تێکدانی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان.‏

موسلیم دووپاتیشیكردەوە، دەبێت هێزە نێودەوڵەتییەکان مەترسییەکانی داعش ‏لەبەرچاوبگرن و وتی، ئەگەر دەستگیرکراوانی داعش هەڵبێن، کە ژمارەیان دەیان ‏هەزارە، ئەوە گەورەترین کاریگەریی لەسەر وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکات، ئەگەر بەڕاستی ‏هێزە نێودەوڵەتییەکان دەیانەوێت کۆتایی بە مەترسیی داعش بهێنن، دەبێت لەدژی ئەو ‏هێزانە بن کە پشتیوانی داعش دەکەن.‏

بابەتی پێشتر

یەکەم کاروانی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا گەیشتە ئۆکرانیا

بابەتی دواتر

بەهۆی سەرماوە کاتی دەوامی فەرمانبەران لە سلێمانی دەگۆڕدرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share