سكاڵایەك لەسەر ئەو كۆمپانیایە تۆماردەكرێت كە تایبەتە بە هێنان و دانانی پێوەری زیرەكی ئاوی ماڵان و ئەو پارێزەرەی سكاڵاكەی تۆماركردووە دەڵێت، دەبوو داواكاری گشتی و پەرلەمان لەو پرسەدا بەڕۆڵی خۆیان هەڵبستانایە.
پارێزەر هەرێم ڕەفعەت ئەمڕۆ لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكان ڕایگەیاند، دوای ئەوەی بەشێك لە هاوڵاتییانی هەرێم تووشی گرفت بوون لەلایەن كۆمپانیایەك كە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە ڕاسپێردراوە بۆ ئەوەی پێوەری ئاوی ماڵان ببەستێت.
وتیشی، “هەروەها نە لەلایەن كۆمپانیا و نە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە ئاگادارنەكرانەوە لەوەی پێویستە ئیشتراك بكەن، لەئێستادا كۆمپانیا بڕیاریداوە بە سزادانی ئەو كەسانە بە بڕێك لەنێوان 80 تا 100 هەزار دینار”.
بە وتەی ئەو پارێزەرە ناكرێت كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت بڕیارێك بدات و هەر خۆیشی جێبەجێی بكات، بڕیارەكەش تایبەت بێت بە سزادانی هاوڵاتییان بە سزای دارایی.
ئەوەشی خستەڕوو، هیچكام لە داواكاری گشتی، دیوانی چاودێری و پەرلەمانیش كە ئەركەكەی یاسادانان و چاودێری و بەدواداچوونە ڕۆڵی خۆیان لەو پرسەدا نەگێراوە و بێدەنگ بوون.
هەرێم ڕەفعەت باسی لەوەشكرد، پارەی ئاو داهاتی گشتییە و دەبێت بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و خەزێنەی حكومەت، بەڵام “بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی كردومانە ئەو بڕە پارەیەی وەك سزا وەردەگیرێت دەچێتە خەزێنەی كۆمپانیا و گیرفانی تاكە كەسێكەوە كە خاوەنی كۆمپانیاكەیە”.
سكاڵاكە ئەمڕۆ گەیەندراوەتە داواكاری گشتی و بەپێی وتەی پارێزەرەكە پێویستە داواكاری گشتی لەماوەی دوو ڕۆژدا وەڵام بداتەوە.
لای خۆیەوە عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، پێوەری ئاو بەهەموو جۆرێك شكستی هێناوە، داهات كەمیكردووە، فشار لەسەر خەڵك زیادیكردووە، پێوەرەكان هەڵە دەخوێنێتەوە.
وتیشی، “ئەوەی دانراوە پێوەری زیرەك نین، چونكە بە سەرما و گەرما تیكدەچن، وڵاتی ئێمەش یان گەرمە یان ساردە”.
عەلی حەمەساڵح ئەوەشی خستەڕوو، گەورەترین مەترسی لەسەر ئایندەی ئەم وڵاتە ئاوە، بەڵام ئەم پێوەرە چارەسەری نەكردووە، دەبێت پێوەرەكە سمارت بێت و داهاتەكەی داهاتێكی سنوورداربێت و بەڕێكوپێكی ببەسترێت كە نەهەوا بخوێنێتەوە نە تێكبچێت و نە ساختە بكات، ئەمەش ئەركی دەوڵەتە.
دوپاتیشیكردەوە، بەداخەوە لەماوەی ڕابردوودا دوو كۆمپانیایان هێنا پێوەرێك كە 10 هەزاری تێدەچوو بە 50 هەزار دینار دایان بە خەڵك و پرۆسەكەش شكستی هێنا.