پەیامی بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ یادی دامەزراندنی یەکێتی

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی بەبۆنەی یادی دامەزراندنی یەکێتییەوە بڵاوکردەوە.

دەقی پەیامەکە:

لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، لەم دۆخە سەختە ئابوری و ناسەقامگیرییە هەرێمییەی کە خەڵکەکەمانی تێدایە، ئەوە دووپاتدەکەینەوە کە لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی خۆماندا هاوپشت و هاوسەنگەرین.

دەمەوێت لە ناخی دڵمەوە سوپاسی کۆمەڵانی خەڵکی خۆمان بکەم بۆ ئارامگرتن و خۆڕاگرییان و دڵنیایان دەکەینەوە کە لەسەر هەوڵە بێوچانەکانمان بەردەوامدەبین بۆ خزمەتکردن و پاراستنیان. لە هەنگاوەکانی داهاتووماندا، یەکڕیزیی عێراق و گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان وەک دوو کۆڵەکەی سەرەکی بۆ سەرکەوتنی وڵاتەکەمان دەمێننەوە. لەپێناو ئەمەشدا، لەگەڵ هاوپەیمان و دۆستەکانمان لە عێراق و سەرانسەری جیهان هەوڵەکانمان چڕتر دەکەینەوە.

هەروەها بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە نوێیانە دەکەین کە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان. کردەوەی لەم جۆرە هەڕەشە لە سەلامەتی و سەقامگیریی خەڵکەکەمان دەکات و هەوڵەکان بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی ئارام و خۆشگوزەران بۆ هەموو عێراقییەکان تێکدەدەن.

لەم یادەدا، ڕێز لە میراتی بەردەوامی سەرۆک جەلال تاڵەبانی دەگرین، کە دیدگای بۆ پێکەوەژیان، دیالۆگ، دیموکراسی و هاوبەشیی نیشتمانی بەردەوام ڕێنیشاندەری ڕێگەکەمانە.

بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیرییەکی بەردەوام، دەبێت بە جددی کاربکەین بۆ چاککردنەوە و بونیادنانی پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا، لە هەمان کاتدا دڵنیاببینەوە لەوەی کە عێراق بە سەربەخۆیی و سەروەریی خۆیەوە دەمێنێتەوە.

لە کۆتاییدا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڵێنە نەگۆڕەکەی دووپاتدەکاتەوە، بۆ خەباتکردن لەپێناو تەواوی مافەکانی گەلی کورد لە هەموو شوێنێک، شانبەشانی خوشک و برا سەربەرزەکانمان لە عێراق.

هەر شاد و سەرکەوتووبن

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دژی نەبوونی خزمەتگوزاریی خوێندکارانی بەشە ناخۆییەکانی کچان لە هەولێر گردبوونەوە

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەدژی نەبوونی خزمەتگوزاری لە شوێنی مانەوەیاندا خوێندکارانی بەشە ناوخۆیی هەولێر گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا. پەیامنێری تۆڕی…
Total
0
Share