قوربانقۆلی بێردی محەمەدۆڤ سەرۆکی تورکمانستان بڕیاریدا ئەو چاڵەی بە “دەرگای دۆزەخ” ناسراوە، دابخرێت و بۆ ئەو مەبەستە ڕێگاچارەی گونجاو بگیرێتەبەر.
محەمەدۆڤ لە کۆبوونەوەی حکومەتی وڵاتەکەیدا ڕایگەیاند، “بە سووتانی ئەو گازەی لە دەرگای دۆزەخەوە دێتەدەرەوە، وڵاتەکەمان سامانێکی سروشتی لەدەستدەدات، کە دەکرێت بۆ سوود و خۆشگوزەرانیی هاوڵاتییەکانمان سوودی لێوەربگرین”.
ئاماژەی بەوەکردووە، جگە لەزیانە ماددییەکان، سووتانی ئەو گازانە زیان بە خەڵک و ژینگە دەگەیەنێت.
بۆ ئەو مەبەستە، جێگری سەرۆکی تورکمانستان، کە هاوکات بەرپرسی کەرتی نەوت و گازیشە، لەلایەن سەرۆکی وڵاتەکەوە ڕاسپێردراوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ زانایان و شارەزایانی بیانی بۆ زانینی چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ئاگرەی لەو چاڵەوە دێتەدەرەوە و ڕێگریكردن لێی.
“دەرگای دۆزەخ” دەکەوێتە بیابانی کاراکوم لە توركمانستان، کە چاڵێکی گەورەی گڕگرتووە و ماوەی 50 ساڵە گازەکانی دەسووتێت.