مافی مرۆڤی عێراق داوا دەكات پەلە نەكرێت لە چۆڵكردنی كامپەكان

ئەندامێكی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراقی داوا لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران دەكات، پەلە نەكات لە داخستنی كامپەكان و ناردنەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان.

فازڵ غەراوی، ئەندامی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراقی ئەمڕۆ دووشەممە 9ی تشرینی دووەم لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، “داوا لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق دەكەم پێداویستییەكانی گەڕانەوەی خۆبەخشانەی ئاوارەكان دابین بكات و پەلە نەكات لە داخستنی كامپەكان تا ئەو كاتەی لایەنە مرۆییەكانی ئاوارەكان تەواو دەبن”.

ئەندامەكەی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ ئەوەشی ئاشكراكردووە، هۆكاری داواكارییەكەی ئەوەیە كە هیچ پاساوێك نەبێت بۆ بەزۆر ناردنەوەی ئاوارەكان بەهۆی پەلەكردن لە ڕێوشوێنەكانی چۆڵكردنی كامپەكان.

لەلایەكی دیكەوە لە ڕاگەیەندراوێكدا ئیدارەی گەرمیاندا 5ی تشرینی دووەم، ڕایگەیاند، “ئیدارەی گەرمیان بەھیچ جۆرێک ئاوارەكان ناچار ناکات کامپەکان چۆڵ بکەن و تا ئەوکاتەی بارودۆخێکی باشتر بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان فەراھەم دەبێت دەتوانن بمێننەوە و خزمەتگوزارییەکانی لەخۆگرتن و ئاو و کارەبا و دابینکردنی ئاسایشیش بەردەوام دەبێت”.

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، 20ی تشرینی یەكەم ڕایگەیاند، “نزیكەی 5 هەزار خانەوادەی ئاوارە سودمەند دەبن لە هاوكاریی دارایی یەك ملیۆن دیناری و 500 هەزار دیناری تایبەت بەو خانەوادانەی دەگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان”.

وەزارەتەكەی عێراق ئاشكراشیكردووە، “بە ڕێنمایی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق پێنج كامپی ئاوارەكان لە نزیكترین كاتدا لە سنووری بەغداد و دیالە دادەخرێن”.

 

بابەتی پێشتر

بەهای نەوت بە ڕێژەیەكی بەرچاو بەرزبووەوە

بابەتی دواتر

سه‌رۆكی هه‌رێم 'كاره‌ تيرۆرستييه‌كه‌ى ڕەزوانییە' سه‌ركۆنه‌ ده‌كات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share