سەدر و چێوەی هەماهەنگی سێیەم كۆبوونەوە ئەنجامدەدەن

كۆبوونەوەی یەكەمی موقتەدا سەدر و سەرانی چێوەی هەماهەنگی

بڕیارە سبەی كۆبوونەوەیەكی “گرنگ” لەنێوان ڕەوتی سەدر و چێوەی هەماهەنگی ‏ئەنجامبدرێت، وەك ئەوەی سەركردەیەكی بزوتنەوەی حقوق ئاشكرایكرد و دەڵێت، لایەنە ‏شیعییەكان بەرەو دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان هەنگاو دەنێن.‏

حسێن عامری، سەركردە لە بزوتنەوەی حقوق ڕایگەیاند، سبەی كۆبوونەوەیەكی “گرنگ” ‏لەنێوان چێوەی هەماهەنگی و ڕەوتی سەدر بۆ تەواوكردنی گفتوگۆكان لەبارەی شێوازی ‏حكومەتی نوێی عێراق ئەنجامدەدرێت، “ئومێدمان وایە ئەنجامەكانی كۆبوونەوەكە ئەرێنی ‏بێت، بەتایبەت دۆسیەی شێوازی حكومەتی نوێ پێویستی بە كۆبوونەوەی زیاترە ‏بەمەبەستی ڕێككەوتن لەسەری بەشێوەیەكی كۆتایی”.‏

عامری لە لێدوانێكدا كە میدیا عێراقییەكان بڵاویانكردووەتەوە، وتیشی، “پرسی گەورەترین ‏كوتلە، بەر لە وادەی گرێدانی یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت”، كە ‏بڕیارە 9ی ئەم مانگە ئەنجامبدرێت.‏

بەوتەی ئەو فراكسیۆنە سیاسییە، شیعەكان بەشێوەیەكی یەگگرتوو ئامادەی ئەو دانیشتنە و ‏ناونانی گەورەترین كوتلە دەبن، كە بە ئەركی پێكهێنانی حكومەتی نوێ ڕادەسپێردرێت.‏

پێشتر سەدر و چێوەی هەماهەنگی دوو كۆبوونەوەیان ئەنجامداوە، كە ئەوەی دواییان لە ‏حەنانەی نەجەف بەڕێوەچوو و دوای كۆبوونەوەكەش موقتەدا لە تویتێكدا ڕایگەیاند، ‏‏“حكومەتێكی زۆرینەی نیشتمانی پێكدەهێنین كە نە خۆرهەڵاتی و نە خۆرئاوایی بێت”، ‏پەیامێك كە زیاتر لە جارێكە دووپاتیدەكاتەوە و پێچەوانەی ڕەوتی لێدوانەكانی چێوەی ‏هەماهەنگییە.‏

دوێنێ فازڵ فەتلاوی، سەركردە لە هاوپەیمانیی فەتح ڕایگەیاند، خاڵی ناكۆكی نێوان ‏موقتەدا سەدر، سەرۆكی ڕەوتی سەدر و لایەنەكانی چێوەی هەماهەنگی دەربارەی ‏پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، شێوازی حكومەتەكەیە، سەدر دەیەوێت حكومەتی ‏زۆرینە بێت و چێوە دەخوازێت حكومەتی تەوافوقی بێت.‏

بەپێی وتەی فەتلاوی ئەم جیاوازییە قابیلی چارەسەر و ڕێككەوتنە لەڕێی گفتوگۆ و ‏وتووێژی بەردەوامی نێوان هەردوولا.‏

سەركردەكەی فەتح دەڵێت، “هیچ ناكۆكییەك دەربارەی كەسی سەرۆك وەزیرانی نوێ ‏لەئارادانییە، تا ئەم چركەیە تاوتوێی ئەم دۆسیەیە نەكراوە، هەموو گفتوگۆكان تایبەتن بە ‏شێوازی حكومەت و كێ بەشداردەبێت تیایدا، ئەم دۆسیەیەش لە ماوەی چەند ڕۆژی كەمی ‏داهاتوودا چارەسەردەبێت، باوەڕمان وایە كاروبارەكان بەرەو حكومەتی تەوافوقی دەڕۆن ‏و هەموو هێزەكان ئەو خواستەیان هەیە”.‏

بابەتی پێشتر

شاندێكی ڕەوتی سەدر گەیشتە هەولێر

بابەتی دواتر

گوندێكی برادۆست لەلایەن سوپای توركیاوە گەمارۆدراوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share