مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەختی لە بەردەوامیی بەردانەوەی ئاو کردەوە لەلایەن تورکیاوە.
نووسینگەی راگەیاندنی مەحمود مەشهەدانی بڵاویکردووەتەوە، ”مەشهەدانی پێشوازیی لە ئەنیڵ بۆرا، کۆنسوڵی تورکیا لە بەغداد کردووە و باسیان لە باشترکردن و فراوانکردنی پەیوەندییەکان و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات کردووە”.
بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەکە، پرسی ئاو، پرسێکی گرنگی کۆبوونەوەکە بووە و باس لەوەکراوە، “پرسی ئاو و پێویستیی بەردەوامبوونی هەردوولا لەسەر رێککەوتنی هاوبەشی نێوانیان لەسەر ناردنی ئاو جەختی لێکراوەتەوە، کۆنسوڵی تورکیا وتوویەتی، ئەنقەرە بەردەوامدەبێت لەسەر ناردنی ئاو و عێراقیش پێویستە پابەندی ناردنی ئەو بڕە پارەیە بێت، کە لەسەری رێککەوتوون”.