ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆببێتەوە و هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنیش لە کارنامەی کۆبوونەوەکەدایە.

کارنامەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە حەوت بڕگە پێکدێت کە گرنگترینیان هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنە، بڕگەکانی دیکەش پێکدێن لە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای قەرەبووکردنەوەی نەخۆشانی ئایدز و بەکرێگرتنی زەوی کشتوکاڵی و خوێندنەوە بۆ چوار پڕۆژەیاسا.

لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنەوە پێشتر د.بڕیار رەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندبوو، هەرچەندە لەخشتەی دانیشتنی رۆژی شەممە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی تێدایە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەسەر کاندیدێکی دیاریکراو بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەن لە ئارادا نییە.

لە 14ی ئەم مانگە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گەڕێكی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنەكەی ئەنجامدا، بەڵام هیچ كام لە كاندیدەكان نەیانتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنن، بەهۆیەوە یەكلاكردنەوەی كاندیدی ئەو پۆستە دواخرا.

رۆژی 14ی تشرینی دووەمی 2023 بەپێی بڕیارێک دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی لە ئەنجومەنەکە هەڵوەشاندەوە و لە کارەکەی دووری خستەوە.

ئەوەش لە کاتێکدابوو پێشتر لەیس دلێمی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سکاڵایەکی دژی محەمەد حەلبوسی لە دادگای باڵا تۆمارکردبوو بەوەی کە خۆی و خێزانەکەی لە گەندەڵیەوە تێوەگلاون.

بابەتی پێشتر

کەشناسیی هەرێم: بارینی بەفر و باران بەردەوام دەبێت

بابەتی دواتر

فەرەنسا یاسای نوێی کۆچ پەسەند دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share