لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایدەگەیەنێت، ڕێككەوتن كراوە لەسەر تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای قەرز لەپێناو دابەشكردنی موچە و وتەبێژی حكومەتیش دەڵێت، چاوەڕوانین لە پێنجشەممەی داهاتوو دەنگی لەسەر بدرێت.
لای خۆیەوە ئەحمەد مولا تەڵاڵ، وتەبێژ بەناوی سەرۆكوەزیران ڕایگەیاند، كۆبوونەوەكەی نێوان كازمی و لیژنەی دارایی ئیجابی بووە تایبەت بە دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی.
مولا تەڵاڵ لە تویتێكدا ئەوەشی وت، “قوتی فەرمانبەر و پێویستیی زامنكردنی بەخێرایی خواستی هاوبەش بووە و چاومان لەسەر دەنگدان لەسەر یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی داراییە لە پێنجشەممەی داهاتوو بۆ دەستكردن بە دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران”.
دوێنێ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژەیاساكە كرد. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنەكەش ئەوپەڕی كاتی نێوان خوێندنەوەی كۆتایی بۆ هەر پرۆژەیاسایەك و دەنگدان لەسەری 72 كاتژمێرە، بۆیە پێویستە چوارشەممەی داهاتوو دەنگدان لەسەر پرۆژەكە ئەنجامبدرێت.
هەفتەی ڕابردوو عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، ئەو ماوەیەی پێویستیانە بۆ دەستكردن بە دابەشكردنی مووچە لەپاش دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای قەرز تەنها دوو ڕۆژە.
لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “کۆتایی ئەم هەفتەیە پرۆژەیاسای پڕکردنەوەی کورتهێنان لە پەرلەمانەوە تێدەپەڕێندرێت، ئەمەش واتە حکومەت دەتوانێت قەرزبکات و موچە دابەشبکات، بەڵام دەنگێک هەیە لە پەرلەمانی عێراق کە پێی وایە حکومەتی هەرێم پەیوەست نەبووە ڕێککەوتنەکانییەوە لەگەڵ بەغداد و جارێ نابێت بەشە بودجە بۆ هەرێم ڕەوانە بکرێت”.
وتیشی، “هیچ دەنگۆیەک نییە بۆ ناردنی دوو 320 ملیار دیناری بۆ هەرێم، لەبەر ئەوەی دوو موچەی فەرمانبەران دابەشدەکرێت، لەبەر ئەوە ناردنی یەکجار لە پارەکەش هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە و گلەیی هەیە لە پەیوەستبوونەکانی حکومەتی هەرێم بە ڕێککەوتنەکانەوە”.