پاسی كارەبایی و سەكۆ و كەپری گەورە.. بەمجۆرە شیعەكان پێشوازی لە پاپا دەكەن

“عەتەبەی حوسەینی” وەك ئامادەكارییەك بۆ پێشوازیكردن لە پاپای ڤاتیكان، ژمارەیەك پاسی كارەبایی دابین دەكات و سەكۆ و كەپری گەورە دروستدەكات.

بڕیارە لە بەهاری ئەمساڵدا، پاپای ڤاتیكان سەردانی نەجەف بكات و لەوێشەوە بچێتە پارێزگای زیقار و شاری ئوری مێژوویی بەسەربكاتەوە.

مونبیر بەكا، قائیمقامی قەزای ناوەندیی ناسڕییە لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانییدا ئەمڕۆ هەینی 12ی شوبات ڕایگەیاند، “عەتەبەی حوسەینی لە نەجەف، بۆ پێشوازیكردن لە پاپا، ژمارەیەك پاسی كارەبایی بۆ پارێزگای زیقار دابین دەكات.”

وتیشی، “جگە لە پاسی كارەبایی، ژمارەیەكی زۆر پاسی ئاسایی دابین دەكات بۆ گواستنەوەی سەردانیكەران و میوانان بۆ شاری مێژوویی ئور كە دەكەوێتە پارێزگاكەوە و بڕیارە پاپای ڤاتیكان سەردانی بكات.”

بە وتەی بەكا، عەتەبەی حوسەینی لەسەر ئەركی خۆی، چەندین سەكۆ و كەپری گەورە بۆ دانیشتن دروستدەكات بۆ ئەوەی لەكاتی سەردانی پاپا و میوانەكانی تردا وەك شوێنی حەوانەوە سوودیان لێوەربگیرێن.

ڕۆژی 7ی كانونی یەكەمی ساڵی ڕابردوو، پاپا فڕەنسیس، پاپای ڤاتیكان ئاشكرایكرد، لە مانگی ئازاری ساڵی 2021دا سەردانی عێراق دەكات.

ئەوكات بەڕێوبەری خانەی میدیایی پاپا فڕەنسیس ڕایگەیاندبوو، “سەردانەكە چوار ڕۆژ دەخایەنێت و پاپا هەریەك لە بەغداد، ئور، هەولێر، موسڵ و قەرەقوش بەسەردەكاتەوە.

ئەگەر سەردانەكە لە وادەی دیاریكراودا ئەنجامبدرێت، ئەوا دەبێتە یەكەم سەردانی پاپا بۆ دەرەوە لە دوای بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا.

بەگوێرەی زانیارییە ڕاگەیەندراوەكان، لەمیانەی سەردانەكەیدا پاپا لە نەجەف چاوی بە عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعەكان لە عێراق دەكەوێت.

لە بەغدادیش سروتێكی ئایینی لە كڵێسای سەیدە نەجات ئەنجامدەدات، ئەو كڵێسایەی ساڵی 2010 ڕوبەڕووی پەلامارێك بووەوە و بەهۆیەوە دەیان نوێژخوێن كوژران.

هەروەك سەردانی موسڵ و قەرەقووش و ناوچەكانی دەوروبەریان دەكات كە لە ساڵی 2014دا لەلایەن چەكدارانی داعشەوە دەستیان بەسەرداگیرا، جگە لە سەردانكردنی هەولێر و ئەنجامدانی سروتێكی ئایینی لەوێش.

دیارترین چالاكی پاپای ڤاتیكان لە میانەی سەردانەكەیدا بۆ عێراق، ئەنجامدانی نوێژێكی هاوبەشی نێوان ئایینەكان دەبێت لە ئور كە دەكەوێتە پارێزگای زیقار لە باشوور، ئەوەش بە ئامادەبوونی نوێنەرانی پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق، لە كەسە دیارەكانی شیعە، سونە، ئێزدی و سائیبە مەندائییەكان.

پێشتر و لە ساڵی 1999ـدا، یوحەنا پۆڵسی دووەم، پاپای پێشووی ڤاتیكان نیازی خۆی بۆ سەردانكردنی عێراق لە كانونی یەكەمی ئەو ساڵەدا نیشاندابوو، بەڵام دوای ئاڵۆزبوونی وتوێژەكان لەگەڵ سەدام حسێن، سەرۆكی ئەوكاتی عێراق، سەردانەكە ئەنجام نەدرا.

ئەگەرچی ماوەیەكە ناوبەناو لە میدیادا باس لەوە دەكرێت كە دوورنییە سەردانەكەی پاپا بۆ عێراق هەڵبوەشێندرێتەوە، بەڵام پاپا فرەنسیس جەختدەكاتەوە كە نایەوێت بۆ جاری دووەم گەلی عێراق بێئومێد ببن لە سەردانی پاپای ڤاتیكان.

لەبارەی سەردانەكەوە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێشوازی خۆی بۆ سەردانەكە دەربڕێت و دەڵێت، “ئەو سەردانەی پاپای ڤاتیكان بۆ عێراق دەبێتە پەیامی ئاشتی بۆ عێراق و تەواوی ناوچەكە و جەختكردنەوەیە لەسەر یەكخستنی هەڵوێستی مرۆیی، لە ڕوبەڕوبوونەوەی پەڕگیری و ململانێكان و پتەوكردنی گیانی لێبوردەیی و پێكەوەژیان لەنێوان ئایین و پێكهاتەكاندا.

بابەتی پێشتر

سێ وڵاتی ئەوروپی: ئێران چەكی ئەتۆمی دروستدەكات

بابەتی دواتر

ئەمریكا: بەرنامەی ئەتۆمی كۆریای باكوور كاری پێشینەمانە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

خالید شوانی سێ کارمەندی لە کارلابرد

وەزیری دادی عێراق سێ کارمەندی بەڕێوەبەرایەتیی خانووبەرەی رەسافەی دووەم لە بەغداد لەکارلابرد و رەوانەی لێکۆڵینەوەیان دەکات بەهۆی سەرپێچیکردنی…
Total
0
Share