شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی دەستگیركردنی گەورەساختەكارێكی بەڵگەنامە لە بەسڕە ڕادەگەیەنێت و دەڵێت، لە ماڵەكەیدا دەست بەسەر 350 مۆری ساختەدا گیراوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی شانەكە، تۆمەتبارەكە لەلایەن هێزەكانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە پارێزگای بەسڕە پاش بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی دادوەر و لە بۆسەیەكدا لە كاتی ئەنجامدانی تاوانەكەدا دەستگیركراوە.
ئاشكراشیكردووە، 350 مۆری ساختەی دامەزراوەكانی دەوڵەت و ئەو كەسایەتییانەی پۆستی ئیدارییان هەیە لە ماڵی تۆمەتبارەكەدا دەستی بەسەرداگیراوە، جگە لە دەیان بەڵگەنامەی ساختە لەوانە، “بەڵگەنامەی خانووبەرە، بەڵگەنامەی لەدایكبوون، بەڵگەنامەی مردن، گرێبەستی هاوسەرگیری، چەكی پارە، نووسراوی ئاگاداركردنەوەی دادنووس، بریكارنامەی گشتی و تایبەت، بەڵگەنامەی چوون و دەرچوون لە نەخۆشخانە”.
تۆمەتبار ڕەوانەی لایەنە یاساییە پەیوەندیدارەكان كراوە بەمەبەستی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە.