ئەڵمانیا یەكەمە.. داوای مانەوە لەلایەن كۆچبەرانەوە لە ئەوروپا زیادیكردووە

نزیكەی 360 هەزار داواكاریی مانەوەی یەكەمجار پێشكەشكراون

بەپێی ڕاپۆرتێكی ئەوروپی، مافی پەنابەری لە ئەڵمانیا بەنزیكەی سێیەك لەماوەی نۆ ‏مانگی یەكەمی ئەمساڵدا زیادیكردووە، دوای دووبارە دەستپێكردنەوەی كۆچ لەپاش ‏كۆتاییهاتنی كەرەنتین و ڕێوشوێنەكانی پەیوەندیدار بە كۆرۆنا، هەر بەپێی ڕاپۆرتەكە ‏ئەڵمانیا لە پێشەوەی وڵاتانی دیكەی ئەوروپاوەیە.‏

بەپێی ئامارێكی نوێ، كە دوێنێ شەممە بڵاوكرایەوە، ئەڵمانیا وەك شوێنگەی یەكەمی ‏خوازیارانی مافی مانەوە لە یەكێتیی ئەوروپا بۆ ساڵی 2021 ماوەتەوە.‏

ئامارەكە ئاشكرایكردووە، ئەڵمانیا 100 هەزار و 240 خواستی مانەوەی لەماوەی 9 ‏مانگی یەكەمی ئەمساڵدا پێگەیشتووە، بە زیادبوون بە بڕی یەك لەسەر سێ بەراورد بە ‏هەمان ماوەی ساڵی 2020.‏

هەر بەپێی ڕاپۆرتەكە ئەوروپییەكە، پشكی ئەڵمانیا لە كۆی داواكارییەكانی مانەوە ‏‏28.4%، بەراورد بە 24.3% لە ماوەی نێوان كانونی دووەم تا ئەیلولی ساڵی ڕابردوو، ‏ئەمەش زۆر زیاترە لە هەر وڵاتێكی دیكەی یەكێتیی ئەوروپا.‏

فەرەنسا 73 هەزار و 255 داواكاریی پێگەیشتووە بە ڕێژەی 20%ی كۆی ‏داواكارییەكانی مانەوە كە پێشكەش بە وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا كراون، ئیسپانیا 39 ‏هەزار و 755 كە دەكاتە 11%، ئیتاڵیا 28 هەزار و 245 كە دەكاتە 8%ی كۆی ‏داواكارییەكان.‏

هەر بەپێی هەمان سەرچاوە، لە كۆی ناوچەكانی یەكێتیی ئەوروپا كە لە 27 وڵات ‏پێكدێت، نزیكەی 360 هەزار داواكاریی مانەوەی یەكەمجار لە ماوەی 9 مانگی یەكەمی ‏ئەمساڵدا پێشكەشكراون، بە زیادبوون بە بڕی 15%ی هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو.‏

كۆچبەرانی ئەفغانستان و سوریا پشكی شێری ژمارەكەیان بەردەكەوێت، كە پێكەوە ‏سێیەكی كۆی داواكاران پێكدەهێنن، بەدوایاندا كۆچبەرانی پاكستان و عێراق دێن.‏

ساڵی ڕابردوو داواكاریی مافی مانەوە بە ڕێژەی 31% لە سەرجەم ناوچەكانی ئەوروپا ‏كەمیكرد، هۆكاری سەرەكی ئەو دۆخە بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ‏دەگەڕێندرێتەوە.‏

هەلی زیاتر لە ئەڵمانیاوە
بەپێی ئامارەكانی یۆرۆستات، ئەو كەسانەی داواكارییان لە ئەڵمانیا پێشكەشكردووە هەلی ‏زۆر گەورەتریان هەیە بۆ قبوڵكردنی داواكارییەكانیان، بەجۆرێك لە 9 مانگی یەكەمدا ‏ڕەزامەندی لەسەر نیوەی داخوازییەكانی مانەوە دراوە، لەكاتێكدا داوا قبوڵكراوەكان لە ‏فەرەنسا نەگەیشتووەتە ڕێژەی یەك لەسەر سێ.‏

بابەتی پێشتر

ئاراوخۆ بە مەرج لە یانەی بەرشلۆنە دەمێنێتەوە

بابەتی دواتر

سزای سێدارەی بەندكراوێكی كورد لە كرماشان جێبەجێكرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share