فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران: پشتیوانیی دەستپێشخەرییەکەی د. فایەق زێدان دەکەین

فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی.

​فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عيراق، پشتیوانیی خۆی بۆ ئەو دەستپێشخەرییە نیشتمانییە ڕادەگینێت کە بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری،  دکتۆر فایەق زێدان بانگەوازی بۆ کردووە، بە ئامانجی ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی نیشتمانیی گشتگیر بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ دەستووری عيراق؛ ئەو دەستوورەی کە لە دیباجەکەیدا جەخت لەسەر پێویستیی پاراستنی هاوسەنگی، سازان و هاوبەشیی ڕاستەقینە کراوەتەوە کە بوونەتە ئەو بنەمایەی عيراقی نوێی لەسەر دامەزراوە.

جارێکی دیکەش جەخت دەکەینەوە لەسەر پێویستیی ئەوەی کە دەستوور ببێتە نەخشەڕێگای چارەسەرکردنی کێشەکان و زامنکردنی مافەکانی سەرجەم ڕۆڵەکانی گەلی عيراق، بەتایبەتی گەلی کورد کە لە ڕابردوودا قوربانی داوە لەپێناو بەدیهێنانی ئازادی، دیموکراسی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بۆ هەموو عيراقییەکان.

​هەروەها فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕوای وایە کە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی هاوبەش زامنی یەکپارچەیی عيراقە لەپێناو بنیاتنانی داهاتوویەکی گەش.

​لە هەمان کاتدا پشتگیریی خۆمان بۆ هەر هەنگاوێک ڕادەگەیەنین کە ببێتە هۆی پاراستنی شەفافیەتی داهاتەکانی عيراق، بنبڕکردنی دیاردەی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتیی وڵات.

​فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share