عێراق پلان بۆ سنوورداركردنی داعش بەر لە كۆتاییهاتنی ئەركی هاوپەیمانان دادەنێت

هێزە عێراقییەكان نەیانتوانیوە كۆتایی بە مەترسییەكانی ڕێكخراوەكە بهێنن فۆتۆ: فرانس پرێس

لەگەڵ نزیكبوونەوەی كۆتاییهاتنی ئەركی شەڕكەرانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەسەركردایەتیی ویلایەتە یەكگرتووەكان بۆ لێدان لە داعش، ترس لە دووبارە چالاكبوونەوەی پاشماوەی چەكدارانی ڕێكخراوەكە بەرۆكی ژمارەیەك پارێزگای عێراقی گرتووە، بۆیە فەرماندە سەربازییەكان لەهەوڵی ستراتیجێكی نوێدان بۆ ڕێگریكردن لێی.

بەدرێژایی ئەو ماوەیەی ئازادكردنی پارێزگاكانی عێراق لە چنگی داعش لە ناوەڕاستی ساڵی 2017ەوە هێزە عێراقییەكان نەیانتوانیوە كۆتایی بە مەترسییەكانی ڕێكخراوەكە بهێنن، كە ناوبەناو لێرە و لەوێ هێرش و پەلاماری هەیە.

بەرپرسێكی سەربازی ڕایگەیاند، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕێنوێنی داوەتە فەرماندە سەربازییەكان بۆ دانانی ستراتیجێكی بەرفراوان بۆ زامنكردنی بەرە لاوازەكان و ناوچە بەرفراوانەكانی وڵات، كە لەڕێیانەوە داعش هێرشەكانی ئەنجامدەدات.

سایتی “عەرەبی جەدید” لە زاری بەرپرسەكە، كە ناوی ئاشكرانەكراوە وتیشی، “فەرماندەیی پرۆسە هاوبەشەكان زنجیرەیەك كۆبوونەوەی ئەنجامداوە و پلانی بۆ چڕكردنەوەی ئۆپراسیۆنەكان داناوە بۆ شوێنكەوتنی چەكدارانی ڕێكخراوەكە و جموجوڵەكانیان”.

ئاماژەی بەوەشكرد، كازمی داوایكردووە سەرجەم توانا سەربازییەكان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆسیەكە بەكاربهێنرێن، بەمەش لە قۆناغی داهاتوودا فڕۆكەوانیی سوپا ئەركی لێدان لە جموجوڵەكانی ڕێكخراوەكەی لە ئەستۆدادەبێت، هەروەك هەماهەنگییەكی باڵا لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە لە ناوچە دابڕاوەكان دەكرێت.

لەو چێوەیەدا، گروپەكانی سەر بە حەشدی شەعبی چالاكییەكانیان لە پارێزگا ئازادكراوەكان فراوانكردووە، لەگەڵ نزیكبوونەوەی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی.

بەشیر عەنبەكی، فەرماندەی گروپێكی حەشدی شەعبی لە پارێزگای دیالە دەڵێت، لەماوەی تەنها مانگێكدا زیاتر لە 12 ئۆپەراسیۆنی سەربازییان لەو پارێزگایە ئەنجامداوە.

عەنبەكی لە لێدوانێكی تەلەڤیزیۆنیدا وتی، “ئۆپراسیۆنەكان لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری ئەنجامدراون، توانیومانە زۆرێك لە ناوچەكانی پارێزگاكە زامنبكەین”. دووپاتیشیكردەوە، ئۆپەراسیۆنەكان بەردەوامدەبن تا لەناوبردنی شانە نووستووەكانی داعش.

پێشمەرگە ڕاهێنان بۆ پەرەپێدانی تواناكانی دەكات
لای خۆیەوە پێشمەرگەی كوردستان ڕاهێنانەكانی چڕكردووەتەوە بۆ بەهێزكردنی توانای هێزەكانی.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی لیوا عەبدولكەریم محەمەد، بەڕێوەبەری ڕاهێنانی سەربازی لە وەزارەتەكە، “ئامانج لە دەستپێكردنەوەی ڕاهێنانەكان، بەهێزكردنی تواناكانی پێشمەرگە و ڕێكخستن و چالاككردنی ئەركە سەربازییەكانە بەرەو باشتر”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “ڕاهێنانەكان لە هەرسێ سەربازگەی هەولێر، سلێمانی و دهۆك ئەنجامدەدرێن”.

بەهۆی مانەوەی مەترسییەكانی داعش كورد لەگەڵ كشانەوە و كۆتاییهێنان بە ئەركەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی نییە.

دیار بەرواری، ئەندامی خوولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، سەقامگیریی ئەمنی لە وڵات تائێستا لاوازە و ئاماژە بەوەشدەكات كە چوونەدەرەوەی هێزە شەڕكەرەكانی هاوپەیمانان “بەپێی ئەجێندای سیاسی بووە”.

عەرەبی جەدید لە زاری بەروارییەوە جەختیشیكردەوە لەسەر “گرنگی دانانی پلان و ستراتیج و پەرەپێدانی توانای هێزە شەڕكەرەكانی عێراق و هێزەكانی پێشمەرگە و زیادكردنی هاوكاری و هەماهەنگی لەنێوانیاندا بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆسیەی ئەمنی”.

ئەمەش لەكاتێكدا حكومەتی عێراق لەهەوڵی كردنەوەی دەروازەی هەماهەنگیی سەربازیدایە لەگەڵ فەرەنسا، لە بوارەكانی ڕاهێنان و پڕچەككردنی هێزە عێراقییەكان، لەم هەفتەیەدا چەند كۆبوونەوەیەك لەو بوارەدا ئەنجامدراون.

بابەتی پێشتر

پارتی دەروازەی پێشخاپووری بەڕووی ڕۆژئاوادا داخست

بابەتی دواتر

سیڤییەكەی ساختەكردووە.. وەزیرێكی ڕۆمانی دەستلەكاردەكێشێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share