کەشوهەوای رۆژانی کۆتایی مانگی رەمەزان چۆن دەبێت؟

دەستەی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی عێراق پێشبینی دەکات، لە رۆژانی کۆتایی مانگی رەمەزاندا، پلەی گەرمی بەرزببێتەوە.

کەشناسیی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، سبەی چوارشەممە، لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و ناوەڕاستی عێراق، ئاسمان ساماڵ و نیمچەهەور دەبێت، هاوکات لە ناوچەکانی باشوور ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەی گەرمی کەمێک بەرزدەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کەشوهەوای رۆژی پێنجشەممە لە سەرتاسەری وڵات نیمچەهەور و هەور دەبێت، لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ناوەڕاستیش، پلەی گەرمی هاوشێوەی رۆژی پێشوو دەبێت.

لەبارەی کەشوهەوای رۆژی هەینییەوە، کەشناسیی عێراق دەڵێت، بەگشتی زۆربەی کاتەکان هەور دەبێت، پلەی گەرمی لە هەرێم و ناوچەکانی ناوەڕاست، چەند پلەیەک بەرزدەبێتەوە و لە ناوچەکانی باشووریش بەرزتر دەبێتەوە.

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، رۆژی شەممەش، کە کۆتاییەکانی مانگی رەمەزانە، هەور دەبێت و پلەی گەرمییش زیاتر بەرزدەبێتەوە.

هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمیش رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و پلەی گەرمییش، بەگشتی بەرزدەبێتەوە بە (2-3) پلە بەراورد بە تۆمارەکانی دوێنێ .

دەشڵێت، سبەی چوارشەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان نیمچەهەور دەبێت، پلەی گەرمییش بە 1-2 پلە بەرزتردەبێتەوە بەراورد بە تۆمارەکانی ئەمڕۆ.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی

هەولێر : 25  پلەی سیلیزی

سلێمانی : 22 پلەی سیلیزی

دهۆک : 22  پلەی سیلیزی

کەرکوک : 26 پلەی سیلیزی

زاخۆ  : 24 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 22 پلەی سیلیزی

سۆران : 21 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران : 14 پلەی سیلیزی

گەرمیان :27 پلەی سیلیزی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share