بانكی نێودەوڵەتی ڕایدەگەیەنێت، “دامەزراوەی نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدان” پارەداركردنێكی پێوانەیی بە بڕی 93 ملیار دۆلار بەدەستهێناوە بۆ هاوكاریكردنی وڵاتانی زۆر هەژار.
بانكی نێودەوڵەتی وتیشی، “دامەزراوەی نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدان” باڵی پەیوەندیدارە بە هاوكاریكردنی وڵاتانی زۆر هەژار، ئەو برە پارەیەی بەدەستهێناوە بۆ هاوكاریكردنی وڵاتان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ لێكەوتەكانی پەتای كۆڤید-19 و پەرەپێدانی گەشەی ئابوری.
لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكراشیكرد، ئەمە گەورەترین “نوێكردنەوەیە” بە درێژایی ماوەی ڕابردووى سەرچاوەكانی دامەزراوەكە كە لەئێستادا پشتیوانیی دارایی پێشكەش بە 74 دەوڵەت دەكات، زۆرینەیان لە ئەفریقان.
دامەزراوەكە كە بەشێكە لە “گروپی بانكی نێودەوڵەتی” لەڕێی پێدانی قەرز و پشتیوانیكردنی ئەو بەرنامانەی دەبێتەهۆی پەرەپێدانی گەشەی ئابوری و سنووردانان بۆ نایەكسانی و باشكردنی دۆخی گوزەران لە وڵاتانی هەژار، هاوكاریی وڵاتان دەكات.
ئەو نوێكردنەوەی سەرچاوانە كە بانكەكە ڕایگەیاند، پێویستییەكانی دامەزراوەكە تا تەمموزی 2022 دەستەبەردەدات.