دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و سەرۆکی حکومەتی هەرێم، بڕیاردراوە تایبەت بە پرسی کۆچبەرانی کورد، بە تایبەت لە بیلاڕوسیا، تیمێکی فەرەنسی سەردانی هەرێم و بەغداد بكات.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی جان ئیڤ لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، باس لە پرسی کۆچبەران و مانەوەی ئەمریکا کراوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێم، سەرۆکی حکومەت، ئاماژەی بە گەڕانەوەی سەدان کۆچبەر کردووە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ هەر هاریکاری و هەماهەنگییەكی پێویست دەربڕی لەپێناو گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئەو کۆچبەرانەی ماون، هەروەها داواشی لە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کردووە ڕۆڵی خۆیان لە گەیاندنی فریاگوزاری بەو کۆچبەرانەی گیریان خواردووە بگێڕێت.
سەرۆکی حکومەت و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی تیمێکی تەکنیکی، لە پاریسەوە سەردانی هەرێمی کوردستان و بەغداد بکات، بۆ بەدواداچوون و گرتنەبەری ڕێکاری پێویست لەبارەی كۆچبەرانەوە.