نووسینگەی مادەی هۆشبەر و تاوان لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت، “ئەمساڵ ئەفغانستان 320 تۆن هیرۆیینی پوختی هەناردەی جیهان كردووە”.
نووسینەگەكە بەدواداچوونی بۆ بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی مادە هۆشبەرەكان لە ئەفغانستان كردووە و ئاشكرایكردووە، ساڵی ڕابردوو ئەفغانییەكان بەرهەمهێنانی ئەفیۆنیان بەڕێژەی 8% زیادكردووە و ئەفغانستان 85%ی بازاڕی جیهانیی ئەفیۆنی كۆنترۆڵكردووە.
دەڵێت، “لە هەر پێنج ئالوودەبوویەكی مادە هۆشبەرەكان، چواریان بەرهەمەكانی ئەفغانستان بەكاردەهێنن”.
بەپێی نووسینگەی مادەی هۆشبەر و تاوان لە نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەمساڵ داهاتی هەناردەكردنی مادە هۆشبەرەكان لە ئەفغانستانەوە لەنێوان 1.8 بۆ 2.7 ملیار دۆلاردا بووە.
نووسینگەكەی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان ئاشكرایكردووە، لە مانگی ئابدا نرخی ئەفیۆن بۆ دوو هێندەی پێشتر بەرزبووەتەوە و ئەوەش جوتیارانی ئەفغانستانی هانداوە ڕووەكی ئەفیۆنی زیاتر بچێنن، بۆیە چاوەڕواندەكرێت ساڵی داهاتوو بڕی بەرهەمی ئەو جۆرە مادە هۆشبەرە زیاترببێت.