دانەغاز وەرگرتنەوەی سەرجەم قەرزەكانی سەر هەرێم ئاشكرادەكات

كۆمپانیای دانەغاز قازانجەكانی لە ماوەی 9 مانگی یەكەمی ئەمساڵدا بە پێوانەیی ناودەبات كە گەیشتوونەتە 279 ملیۆن دۆلار و دەشڵێت، سەرجەم قەرزەكانی لە هەرێم وەرگرتووەتەوە.

كۆمپانیاكە ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا دیارترین ئەنجامەكانی 9 مانگی یەكەمی ئەمساڵ 2021ی دیاریكردووە و دەڵێت، داهاتی كۆمپانیا بەڕێژەی 27% گەشەیكردووە و گەیشتووەتە 334 ملیۆن دۆلار.

ناوەندی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی كۆمەڵەی كۆمپانیاكانیان گەیشتووەتە 63.200 بەرمیلی هاوتای نەوت.

لە بەشێكی دیكەیدا ئاماژەی بەوەكرد، لەو ماوەیەدا شایستە داراییە وەرگیراوەكانی بەرزبوونەتەوە بۆ 256 ملیۆن دۆلار بە زیادبوونیان بە ڕێژەی 102%.

لەو چێوەیەدا ئاشكرایكردووە، لە ماوەی نۆ مانگی ئەمساڵدا شایستە داراییە وەرگیراوەكانی كۆمپانیاكە لە هەرێم بە ڕێژەی 77% زیادیانكردووە و گەیشتوونەتە 131 ملیۆن دۆلار، بە بەراورد بە 74 ملیۆن دۆلار بۆ هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو كە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە پێیدراوە.

كۆمپانیاكە دووپاتیشیدەكاتەوە، هیچ پارەیەكی ساڵانی 2019 و 2020 و تا 31ی ئەیلولی ئەمساڵ لای هەرێم نەماوە.

هەروەك پوختەی قازانج لەم ماوەیەدا بۆ 279 ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە، بە بەراورد بە زیانی 379 ملیۆن دۆلار لە نۆ مانگی یەكەمی ساڵی 2020دا.

دانەغاز هۆكارەكانی زیادبوونی پوختەی قازانجی بۆ بەرزبوونەوەی نرخەكانی نەوت و باشكردنی بواری كارپێكردن و بەرزبوونەوەی داهات لە بوارەكانی دیكەدا گەڕاندەوە.

پاتریك ئەلمان وارد، سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای دانەغاز دەڵێت، ئەو هەنگاوانەی دانەغاز گرتوونیەتیەبەر لە زیادكردنی بەرهەمهێنان و كەمكردنەوەی خەرجی، هاوشانی ئەو پێشكەوتنەی لە بەدەستهێنانی شایستە داراییەكان و سوودوەرگرتن لە بەرزبوونەوەی نرخەكانی نەوت ڕوویداوە وایكردووە قازانجی باشتر بۆ هاوبەشانی بهێنێتەدی.

دەشڵێت، بۆ نمونە بەرهەمهێنانی كۆمپانیا لە هەرێمی كوردستان بە ڕێژەی 7% بەرزبووەتەوە و بەردەوامە لە جێبەجێكردنی پلانی فراوانكردن و بڕیارە بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەی كۆرمۆر لە نیسانی 2023 دەستپێبكات.

كۆمپانیاكە لە میسر-یش كاردەكات و بەپێی وتەی بەڕێوەبەرە جێبەجێكارەكەی لەوێش بەرەوپێشچوونیان لە چەند كێڵگەیەك هێناوەتەدی.

بابەتی پێشتر

جێگرەكەی بەغدادی سەرچاوەكانی داهاتی داعش ئاشكرادەكات

بابەتی دواتر

سەنتەری میترۆ لەسەر داخستنی " گاڤ نیوز" لە دهۆك هاتە دەنگ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share