مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات “هەسەدە” ئاشكرایكرد، ئەمریكا و ڕوسیا بە توركیایان وتووە قایلنین هێرشبكاتەسەر ڕۆژئاوای كوردستان.
ماڵپەڕی “ئەلمۆنیتەر” گفتوگۆی لەگەڵ مەزڵوم عەبدی -دا كردووە و ناوبراو ڕایگەیاندووە، ئەمریكا و ڕوسیا دڵنیاییان داوە بە هێزەكانی سوریای دیموكرات بەوەی دژی هەر هێرشێك دەوەستنەوە كە لەلایەن توركیاوە بكرێتەسەر ڕۆژئاوای كوردستان.
مانگی ڕابردوو ڕەجەب تەیب ئەدرۆغان سەرۆك كۆماری توركیا ڕایگەیاند، توركیا ئامادەكاری دەكات بۆ هێرشكردنەسەر باكووری سوریا (ڕۆژئاوای كوردستان و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی یەكینەكانی پاراستنی گەل- یەپەگە) بەپاساوی ئەوەی ئەو هێزانە هێرشیانكردووەتەسەر سوپای توركیا لە باكووری سوریا.
دوو هەفتە لەمەوبەر هەردوو ماڵپەڕی میدڵ ئیست و بلومبێرگ ڕاپۆرتیان لەبارەی دۆخی ڕۆژئاوای كوردستانەوە بڵاوكردەوە و ئاماژەیان بۆ ئەوە كرد، توركیا هەزاران سەربازی كۆكردووەتەوە و بەنیازی هێرشكردنەسەر ڕۆژئاوای كوردستان و “لەناوبردنی هێزەكانی یەكینەكانی پاراستنی گەل- یەپەگە”یە.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات بە “ئەلمۆنیتەر”ی ڕاگەیاندووە، “كاربەدەستانی ئەمریكا پێیانڕاگەیاندین كە لە كۆبوونەوەكەی چەند ڕۆژی ڕابردووی نێوان جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیادا كە لە پەراوێزی كۆبوونەوەی وڵاتانی G20 لە ڕۆما بەڕێوەچوو، بایدن بە ئەردۆغانی ڕاگەیاندووە ئەمریكا ڕێگەنادات هیچ هێرشێك بكرێتەسەر ئێمە”.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جۆن كێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا “پێنتاگۆن” لە واشنتن ڕایگەیاند، “هێزەكانی سوریای دیموكرات “هەسەدە” هاوبەشی ئێمەن لە شەڕی دژ بە داعش لە سوریا، ئێمە بە گرنگییەوە لەو هاوبەشییە دەڕوانین و بەردەوامدەبین لە كاركردن لەگەڵ ئەو هێزانەدا و پێكەوە هەڕەشەكانی داعش لە سوریا سنووردار دەكەین، پێموایە ئەو جۆرە هاوكاری و ئۆپەراسیۆنانە درێژەیان دەبێت”.
ئەوكات باس لەوە دەكرا كە ڕوسیا و توركیا ڕێككەوتوون لەبەرامبەر هەندێك سازشی توركیادا، دووەمیان هێرشبكاتەسەر ڕۆژئاوای كوردستان و ڕوسیا لەو بارەدا چاوپۆشی لێبكات، لەبەرامبەردا توركیا هەندێك ناوچەی سوریا بۆ ڕوسیا چۆڵبكات.
لەو بارەیەوە مەزڵوم عەبدی بە سەرچاوەكەی ڕاگەیاندووە، “ڕوسیا پێیوتین هیچ ڕێككەوتنێكی لەگەڵ توركیادا نەكردووە بۆ هێرشكردنەسەر ڕۆژئاوای كوردستان و بەهەمانشێوەی ئەمریكا، كاربەدەستانی مۆسكۆ دڵنیاییان دا كە ڕێگەنادەن هەر هێرشێكمان بكرێتەسەر”.