هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح دەڵێت، “لایەنی سێیەم لەپشت هێرشەكەی سەر ماڵی كازمییەوەیە”.
وەك ئاماژەیەك بۆ لایەنێكی دەرەكی و دوورخستنەوەی گومان لەسەر حەشدی شەعبی لە هێرشەكەی سەر ماڵی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح ڕایگەیاند، “لایەنی سێیەم لەپشت هێرشەكەوەیە و ئامانج لێی تێكەڵكردنی بابەتەكانە”.
لە ڕاگەیەندراوێكدا عامری هێرشەكە بەتوندی سەركۆنە دەكات و داوادەكات لایەنە پەیوەندیدارەكان لێكۆڵینەوە بكەن و ڕاستییەكان ئاشكرابكەن كە كێ لەپشت هێرشەكەوەیە و هەر كەسێك بێت سزابدرێت.
سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح لە ڕاگەیەندراوەكەیدا لایەنێك (بەبێ ناوهێنان) بە ئەنجامدانی هێرشەكە تۆمەتباردەكات و ڕایگەیاندووە، “لایەنی سێیەم لەپشت ڕووداوەكەوەیە و مەبەست لێی تێكەڵكردنی بابەتەكان و نانەوەی ئاژاوەیە”.
هاوكاتی ڕاگەیەندراوەكەی عامری، حەسەن سالم سەركردە لە هاوپەیمانیی فەتح، ئەمریكای بە هەوڵی تیرۆركردنی كازمی تۆمەتباركرد.