بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی دەستپێكردنی هەڵمەتێكی نیشتمانیی دوومانگەی ڕاگەیاند بۆ خۆڤاكسینكردنی هاوڵاتییان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ئامانجیانە ڕێژەی خۆڤاكسینكردن لە پارێزگاكە بەرزبكەنەوە، كە ئێستا 13%یە.
دكتۆر سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا جگە دەستپێكی هەڵمەتەكەی ڕاگەیاند و وتی، ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی بە پاڵپشتیی دارایی حكومەتی ئەڵمانیا هەڵمەتێكی گەورەی لە عێراقدا ڕاگەیاندووە بۆ خۆڤاكسینكردن.
ئاشكرایكرد، لەو چوارچێوەیەدا 25 تیمی گەڕۆك لە پارێزگای سلێمانی پێكهێنراون و ئامانجیانە لەڕێگەی ئەو هەڵمەتەوە ڕێژەی خۆڤاكسینكردن زیاد بكەن، چونكە لە ئێستادا 13%ی خەڵكی پارێزگای سلێمانی خۆیان ڤاكسین كردووە.
ڕوونیشیكردەوە، تیمەكان هەموویان ڕاهێنراون و پێدوایستیی تەواویان لەبەردەستە بۆ ئەوەی ڕێژەی خۆڤاكسینكردن زیادبكەن.
بەرێوەبەرەكەی تەندروستیی سلێمانی جەختی لەوەشكردەوە، دۆخی کۆرۆنا لە پارێزگاکە زۆر خراپە و ڕۆژانە خەڵک بەهۆی نەبوونی شوێن لە ژووری چاودێریی چڕ گیانلەدەستدەدەن، لەوەش زیاتر ناتوانن خزمەتگوزاریی تەندروستی پێشکەش بە هاوڵاتییان بکەن.
ئاشكراشیكرد، ئەو نەخۆشخانەی لەژێر چارەسەرەدان، یان تووشی ڤایرۆسەكە بوون، زیاتر 95%یان ئەوانەن کە خۆیان ڤاكسین نەكردووە.