ستالینگرادی نوێ.. ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی كۆبانێ-یە

ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ-یە، ڕۆژی پشتگیریی كوردستانییان و جیهان لە بەرخۆدانی كۆبانێی ڕۆژئاوای كوردستان بەرامبەر هێرشەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش، دواتر داستانی بەرگرییەكە ناونرا ستالینگرادی نوێ، یان ستالینگرادی سەدە.

ساڵی 2014، دوای ئەوەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام “داعش” چەند ناوچەیەكی لە سوریا و عێراق كۆنترۆڵكرد و خەلافەتەكەی ڕاگەیاند، لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولی 2014 ئاراستەی هێرشەكانی بەرەو كانتۆنی كۆبانێ دەستیپێكرد، بە داگیركردنی گوندەكانی دەوروبەری شارەكە دەستیپێكرد.

داعش بە هەزاران چەكدارەوە خواستی داگیركردنی شاری كۆبانێی جێبەجێدەكرد، ئەوكات هێزەكانی رۆژئاوای كوردستان توركیایان بە یارمەتیدان و هاندانی داعش بۆ داگیركردنی كانتۆنی كۆبانی تۆمەتبار كرد، بەو پێیەی توركیاش هاوكات لە باكوورەوە خەریكی فشاری سەربازی بوو بۆسەر یەكینەكانی پاراستنی گەل – یەپەگە.

لە هەفتەی یەكەمی مانگی تشرینی یەكەمی 2014، چەكدارانی داعش بەتەواوەتی گەمارۆی شاری كۆبانێیان دابوو، سەرەتا لە ڕۆژهەڵاتی شارەكەوە چوونە ناو كۆبانێ، چەند شوێنێكی گرنگیان داگیركرد، بەڵام “ڕێڕەوی مورشیدپنار”، وەك ناوچەیەكی ستراتیژی كە ئامانجی داعش بوو كۆنترۆڵی بكات، بووە مەیدانی بەرخۆدانی شەڕڤانان و ڕێگە نەدرا دەستی داعشی پێبگات.

هەوڵی داگیركاریی داعش بەردەوام بوو، بەرخۆدانی شەڕڤانانیش تا دەهات بەهێزتر و پڕماناتر دەبوو، بەرگریی یەپەگە لە كۆبانێ دەنگ و ڕەنگی زیاتری پەیداكرد، سەرەڕای فشارەكانی داعش لە بەرەكانی جەنگ و هەروەها فشار و زۆرهێنانەكانی توركیا لە باكوورەوە، بەڵام شەڕڤانان نەیانهێشت تەواوی كۆبانی بكەوێتە دەست داعش.

بەرخۆدانە مێژووییەكەی كۆبانێ هەرزوو هەستی كوردانەی كۆمەڵگەی كوردەواریی جووڵاند و پشتگیریی هاوڵاتییان و زۆرێك لە هێز و لایەنە كوردستانییەكانی تەواوی كوردستانی بەدوادا هات، ئەمە جگە لەوەی سەرنجڕاكێشیی بەرخۆدان و بەرگرییەكە وای لە جیهان كرد، بە ڕایگشتی و حكومەتەكانەوە، پشتگیریی شەڕڤانان بكەن لە كۆبانێ.

تا دەهات ڕێپێوان و گربوونەوەی پشتگیریی ڕایگشتیی جیهانی و كوردستانی فراوانتر دەبوون، بۆیە بە دەستپێشخەریی ئازادیخوازانی جیهان، ڕۆژی 1ی تشرینی دووەم كرایە ڕۆژی جیهانیی كۆبانێ، تا لەو ڕۆژەدا 1/11/2014 لە تەواوی جیهان چالاكی و ڕێپێوانی پشتگیری لە بەرخۆدانی شەڕڤانان لە كۆبانێ ئەنجامبدرێت، وەڵامدانەوەش بۆ داواكارییەكە لەئاستێكی بەرزدا بوو و لە كوردستان و جیهان ڕێپێوانی فراوان بەڕێوەچوون.

بینینی ئەو كاردانەوە و پشتگیرییە میللییەی كوردستان و جیهان، وای لە دەوڵەتەكان كرد كاردانەوەیان هەبێت و ئەوانیش لەسەر ئاستی سیاسی پشتگیریی یەپەگە و بەرگرییەكەی كۆبانی بكەن.

توركیا لە باكوورەوە تا كۆتایی بەردەوام بوو لە فشارەكانی، هێزێكی زۆری سەربازی و تانك و ئۆتۆمبێلی سەربازیی كۆكردبووەوە، زیاتر لە جارێكیش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند، “كۆبانێ دەكەوێت”، بەڵام دواجار خەونی كەوتنی كۆبانێ نەهاتەدی و داستانی بەرگرییەكە و خودی شارەكە بوونە “ستالینگرادی نوێ”.

هەرێمی كوردستانیش بە ناردنی هێزی پێشمەرگە، بەشداربوو لە بەرگریكردن لە كۆبانێ و ڕێگەنەدان بە داگیركردنی، پەرلەمانی كوردستان بڕیارەكەی دا و هێزی پێشمەرگەش جێبەجێیكرد.

هەر لەماوەی بەرخۆدانەكەی كۆبانێدا، عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە، لەڕێگەی شاندێكی هەدەپەوە بانگەوازی سەفەربەڕی كرد بۆ یارمەتیدانی یەپەگە لە بەرگریكردن لە كۆبانێ، بۆیە كوردێكی زۆر سنوورەكانی نێوان پارچەكانی كوردستانیان سڕییەوە و بەشداریی بەرگرییان لە كۆبانێ كرد.

هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش، كە تا ماوەیەك بەرامبەر بە داگیركارییەكەی داعش بێدەنگ مابوونەوە، بە بۆمبارانی ئاسمانی بەشدارییان كرد لە تیكشكاندنی خەونی داعش-توركیا بۆ داگیركردنی كۆبانێ.

بەرخۆدانە مێژووییە بەڕەنگ و دەنگەكەی كۆبانێ ڕۆژی 26/1/2015 گەیشتە پێگەی مەزنی، پاش 134 ڕۆژ لە بەرخۆدانی شەڕڤانانی یەپەگە، خۆبەخشانی كورد و جیهانی، بە بەشداریی پێشمەرگە و هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، كۆبانێ بەتەواوەتی ڕزگاركرد و دەستی داگیركاریی داعشی لێدوورخرایەوە.

ئەمساڵ یادكردنەوەی ڕۆژی جیهانیی كۆبانێ لەكاتێكدایە، لەئێستادا دووبارە هەڕەشەی توركیا لە ئارادایە بۆ هێرشكردنە سەر چەند ناوچەیەكی دیكەی ڕۆژئاوای كوردستان و داگیركردنی، كە پێدەچێت یەكێك لە شوێنە هەڕەشەلێكراوەكان كۆبانێ بێت.

بابەتی پێشتر

خشتەی دابەشكردنی مووچەی سبەینێ ڕاگەیەندرا

بابەتی دواتر

وڵاتانی كۆمەڵەی 20 لەبارەی ئاووهەواوە ڕێككەوتن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share