نێردەی ئەمریكا تایبەت بە ئاووهەوا دەڵێت، گۆڕانی ئاووهەوا بوون لەسەر هەسارەی زەوی دەخاتە مەترسییەوە، دووپاتیشیدەكاتەوە، ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم گرفتە تاكە بژاردەیە.
جۆن كێری، نێردەی ئەمریكا تایبەت بە ئاووهەوا لە وتارێكدا كە لە كۆلێجی لەندەن بۆ ئابوری پێشكەشیكرد ڕایگەیاند، پێویستمان بە زانایان نییە بۆ ئەوەی پێمان بڵێن چی ڕوودەدات، بەهۆی ئەوەی بەچاوی خۆمان دەیبینین. لە بەریتانیا زەنگی ئاگاداركردنەوەی یەكەم دەربارەی بەرزبوونەوەی بێپێشینەی پلەكانی گەرما لە حوزەیران لێدرا.. لافاو چەند ناوچەیەكی لە ئەڵمانیا لەناوبرد، ئاگری دارستانەكان ساڵانە لە ویلایەتە یەكگرتووەكان بەردەوامن.
وتەكانی كێری بە چەند ڕۆژێك دێت بەر لە كۆنگرەی لوتكەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ئاووهەوا لە گلاسكۆ-ی سكۆتلاند بە بەشداریی نزیكەی 200 سەرۆك و نوێنەری وڵاتانی جیهان، لەنێویشیاندا جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا.
وتیشی، “هەسارەكە چەندین ساڵە لە كەمترین خاڵی سەقامگیریدایە و خەڵكانێك بەهۆی دیاردەی قەیرانی گۆڕانی ئاووهەواوە دەمرن.. ڕێگەمبدەن بەڕوونی بیڵێم هیچ زیادەڕەویی نییە كاتێك دەوترێت ئەمە هەڕەشەیە لەسەر بوون” لەگەڵ جەختكردنەوە لەسەر گرنگیی خێراكردنی هەوڵەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی ئاووهەوا ” هەر ئێستا”.
ئەوەشی وت، “ئێستا.. ئێستا.. پێویستە لەسەرمان هەوڵەكانمان بەشێوەیەكی گەورە خێرابكەین. ئەمە بڕیاری من یان بڕیاری سەرۆك بایدن یان هەر سیاسییەكی دیكە نییە. بڕیاری زانستە. پرسەكە پەیوەندی بە ئایدۆلۆجیاوە نییە، بەڵكو بە ژمارە (بیركاری) و فیزیاوەیە”.
بەپێی وتەی بەرپرسەكەی ئەمریكا، توانەوەی بەستەڵەكەكان كاریگەریی مەترسیدار و وێرانكەری لەسەر سەرجەم ناوچەكانی جیهان هەیە لەڕێی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، كە دەبێتەهۆی هەرەسهێنانی ئابوری و ناسەقامگیری لە زۆرینەی وڵاتان.
سەرانی جیهان لە 31ی ئەم مانگەوە لە گلاسكۆ بەیەكدەگەن بۆ وتووێژی زۆر گرنگ دەربارەی ئاووهەوا كە “دوا هەلی گەورەی دووبارە كۆنتڕۆڵكردنە” بە گۆڕانەكانی ئاووهەوا، وەك ئەوەی ڕێكخەرانی كۆنگرەی كوب 26 كە نەتەوە یەكگرتووەكان ڕێكیدەخات دەیڵێن.
لوتكەكە، كە تا 12ی تشرینی دووەم بەردەوامدەبێت، ئامانج لێی گەیشتنە بەو پابەندییانەی ئەگەری هەیە ببنەهۆی قەتیسكردنی گەرمبوونی ئاووهەوا لە نزیكەی 1.5 پلەی سەدی-دا.
س: ئەلحوڕە