بارەگای بارزانی ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی بەڕێوەچوونی دیداری مێری 2026 بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ڕەچاوی فرەلایەنیی سیاسی نەکراوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی بارەگای بارزانیدا هاتووە، لەبارەی بەڕێوەچوونی دیداری مێری 2026 لە شاری هەولێر، جێگەی داخە کە ئەم کۆڕبەندە ئەمساڵ نەیتوانیوە بە شایستەیی لە بانگهێشتکردنی میوانان و پەنێڵەکانیدا، ڕەچاوی فرەلایەنیی سیاسی و بەشداریی لایەنە سیاسییەکانی بەشەکانی تری کوردستان بکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دیدارێکی ئاوا گرنگدا، پێویست بوو نوێنەرایەتیی دۆزی گەلی کورد لە بەشەکانی تری کوردستان بە بەشداریی سەرجەم لایەنەکان ڕەنگبداتەوە.
بارەگای بارزانی ئەوەشی خستووەتەڕوو، “ئەم جۆرە مامەڵەکردنە نیگەرانیی خەڵکی تێکۆشەر و ڕەسەنی بەشەکانی تری کوردستانی لێکەوتووەتەوە و دەبێتە هۆی قووڵكردنی پەرتەوازەیی و دووبەرەکیی نێوان ڕۆڵەکانی گەلی کوردستان؛ هەموو لایەکیش ئاگاداردەکەینەوە، کە (مێری) هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە”.