حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستان لەبارەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە نووسیویەتی: هیوایەک بۆ شوێنپێ هەڵگرتنی مام.
لە نووسینەکەی حەمەی حەمەسەعیددا هاتووە، “بافڵ تاڵەبانی بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کایەی سیاسیی لە کوردستان و عێراقدا، تەنیا کارەکتەرێکی سیاسی، یان سەرکردەیەکی گەنج، یاخود سەرۆکی حزبێکی سیاسی نییە، ئەو ئەزموونێکی نوێی گۆڕەپانی سیاسیی هەرێم و عێراق و ناوچەکە و ژیانی حزبییە، لە نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، کە هەمووان بە ئومێد و گەشبینییەوە هیوای ئەوەی بۆ دەخوازن، بە کردەوە شوێنپێ هەڵگری سەرۆک مام جەلال بێت”.
نووسیویشیەتی، “بە نسبەت یەکێتییەوە، ئەو تەنیا کوڕی مام جەلال، سەرکردەی نەمری شۆڕش و هەڵسانەوە و ڕاپەڕین و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان نییە، بەڵکو چاوەڕێی سیمبوڵبوونی زیاتری ژیانەوەی یەکێتیی نیشتمانی و یەکێتیی ناو ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لێدەکرێت”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ کایەی سیاسیی هەرێمی کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی، میراتگری کێشمەکێشەکانی مێژووی ژیانی سیاسیی ناوخۆی کوردستان نییە و هیچ کاتێک بەشێک نەبووە لە ڕابردووی پڕ لە ململانێی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بۆیە هیچ جۆرە هەستیارییەکی لە پەیوەندییە سیاسییەکان نییە؛ وەک سەرکردەیەکی واقیعبین، نەرم، دڵپاک و دیپلۆماتی بە دوای بەدیلە دیموکراتی و سیاسییەکاندا دەگەڕێت، تەنیا ڕێگەی بەدیهێنانی ئامانجە ڕەواکانی دیالۆگی سیاسی و قبووڵکردنی فرەیی و پێکەوەسازان و پێکەوە کارکردنە.
تەواوی نووسینەکەی حەمەی حەمەسەعید:
بافڵ تاڵەبانی بە کردەوە پیشانی داوە، کە سەرکردەیەکە، کوردستانییانە بیردەکاتەوە، دووربینانە دەڕوانێت، سیاسەت وەک ئامرازێک بۆ هێنانەدیی خواستەکانی خەڵک دەبینێت، بە متمانەوە سیاسەت دەکات، نوێنەرایەتیی داخوازییەکانی کۆمەڵانی خەڵک دەکات، بڕوای بە ڕاشکاوی لە سیاسەت و پابەندبوون بە بەڵێنە سیاسییەکانەوە هەیە، کە ئەمەیان مۆرکێکە دەتوانین بەهۆیەوە لە هەموو سەرکردەیەکی سیاسیی جیای بکەینەوە، چونکە بە کردەوە ئەوەی دەیڵێت، کار بۆ جێبەجێکردنی دەکات.
سەرۆک بافڵ تاڵەبانی، ئەگەرچی بایەخی ئەوتۆ بە ڕووکار نادات و لە زۆر بۆنەدا ئەتەکێتە چەقبەستووەکان دەشکێنێت، بەڵام زۆر ورد و شارەزایانە دەیەوێت بە زمانێک بدوێت، کە بگاتە هەمووان، هەر بۆیە زمانی قسەکردن و زمانی گوتار و زمانی جەستەی هەمان ئەو زمانەیە کە کۆمەڵگەی کوردی پێی ئاشنایە و زمانێکی ڕەوانی هەیە، کە بە ئاسانی دەگاتە وەرگر.
ئەگەر تێبینی بکەین، خەڵکی کوردستان لە زاخۆوە تا خانەقین، ئاشنایانە گوێی بۆ دەگرن و شەو دەربڕینەکانی نامۆ نین، تێگەیشتن لە پەیامەکانی قورس نییە و پێویستیان بە نووسینی پەراوێز نابێت بۆ ڕوونکردنەوەیان، چونکە ئەو بە زمانی ئاسایی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەدوێت.
خاڵێکی دیکەی گرنگ لە گوتاری سەرۆک بافڵدا ئەوەیە، کە لە تەک ڕکابەر، دۆست، یان هاوپەیمانە سیاسییەکاندا زۆر ڕاشکاوانە دەدوێت، هیچ پرسێک بە قەدەری داهاتوو ناسپێرێت و دەیەوێت لە سەرەتای ڕێگەوە خاڵ لەسەر پیتەکان دابنرێت، بۆ ئەوەی هیچ دەرفەتێک بۆ پشتگوێخستن و فەرامۆشکردن نەهێڵێتەوە، ڕەنگە ئەمە یەکێک لەو هۆکارانە بێت، کە پڕۆسەی گەیشتن بە ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی لە تەک بافڵ تاڵەبانی قورس کردبێت.
ئەوەی ڕۆژی دووشەممە لە میانی کۆڕبەندی مێری لە هەولێر تێبینیمان کرد، زۆر ڕاشکاوانە هێڵە گرنگەکانی بیرکردنەوە و سیاسەتی نیشتمانییانەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی خستەڕوو؛ جارێکی دیکە بانگەوازی ڕێکەوتن و بەیەکەوەسازانی بە گوێی هەموو لایەک دا و بە ڕاشکاوی هۆشداریی دا، کە هیچ ڕێگەچارەیەک جگە لە ڕێککەوتن لەئارادانییە، کات تێدەپەڕێت و پێویستە هەرێمی کوردستان “بەر لە (تا)، خۆی داپۆشێت”.
هەروەها وەک کارەکتەرێکی سیاسیی هەڵکەوتووی کوردستان، سەرۆک بافڵ بۆ یەکەمجار ئاشکرایکرد، کە دەستپێشخەرییەکی ئاشتییانە و دۆزینەوەی چارەسەری دیموکراتییانەی بۆ پرسی کورد لە ئێران خستووەتە سەر مێزی کۆماری ئیسلامی و لەو بارەیەوە هەوڵەکانی بەگەڕخستوون، هەرچەندە ئەمە پڕۆسەیەکی قورسە و ڕەنگە لە شوێنێکی ترەوە هەمان هەوڵ درابێت، بەڵام ئەمە دەبێتە دەستپێکێکی گرنگ لە خەباتی سیاسیی کورد لە ئێراندا، ئەگەر هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بە گرنگییەوە هاوکاربن.
خاڵێکی دیکەی سەرنجڕاکێش، ڕاستکردنەوەی ئەو تێگەیشتنە هەڵەیە بوو، کە پێی وایە، لاوازیی عێراق، هۆکاری بەهێزیی کوردستان دەبێت، ئەمڕۆ سەرۆک بافڵ زۆر ژیرانە هۆشداریی دا، کە کەوتنی عێراق و بەئاوداچوونی پڕۆسە دیموکراتی و سیاسییەکە لە عێراقدا، مەترسیی جددی و ڕاستەقینە لەسەر ئەو مافە دەستووریانە دروستدەکات، کە کورد لە عێراقی نوێ بەدەستیهێناون، جەختیکردەوە، کە ڕاستەڕێکردنی سیاسەت و پڕۆسەی دیموکراتی و دەستووری لە عێراق، تەنیا زامنی مانەوە و گەشەکردن و بەردەوامیی چیرۆکی سەرکەوتنی کوردستانن.
هەموو ئەم جووڵە سیاسی و تێگەیشتن و وردبینییە سیاسییەی لەودا تێبینی دەکرێت، ئاماژەی ئەوەن، کە سەرۆک بافڵ جێی هیوا و ئومێدی یەکێتییەکان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و دۆست و هاوپەیمانەکانی یەکێتییە، کە بە کردەوە ببێتە شوێنپێهەڵگری سیاسەتی حەکیمانە و ژیرانەی سەرۆک مام جەلال، چونکە لە ماوەی خەباتی سیاسیی خۆیدا، ئەوە تەنیا مام جەلال بوو، توانیبووی لە یەک کاتدا لە ئاستی خەباتی مەدەنی، سیاسی، دیپلۆماتی، چەکداری و یاساییدا، خاوەندارێتیی دۆزی کۆمەڵانی خەڵکی عێراق بە گشتی و مافی چارەی خۆنووسینی خەڵکی کوردستان بکات.