بۆچی هەمیشە بایرن یەکەمی ئەڵمانیایە؟

ڕاهێنەری ئەزمووندار و دێرینی ئەڵمانی، فیلێکس ماگاس هۆکاری شکستی یانەکانی ئەڵمانیا لە بەدەستهێنانی ناسناوی بوندس لیگا دەردەخات.

لەم وەرزەدا کێبڕکێیەکی بەهێز لەنێوان یانەکانی بایرن میونشن و بوروسیا دۆرتمۆند دروستبووە، بایرن بە کۆکردنەوەی 22 خاڵ لوتکەی ڕیزبەندی گرتووە و جیاوازی لەگەڵ بوروسیا دۆرتمۆند تەنها خاڵێکە.

لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین یانە لە سەرەتاوە ململانێکاری ناسناوی خولی ئەڵمانیا بوون، بەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوە لە کۆتایی خولەکە، بایرن تێیپەڕاندوون و کۆتایی بە خەونەکانیان هێناوە.

لەم بارەیەوە فیلێکس ماگاس، ڕاهێنەری پێشووی شالکە و بایرن میونشن، دەڵێت، “گرنگ ئەوە نییە کەی دەمەوێت ناسناوەکە بەدەستبهێنم، بەڵکو گرنگ ئەوەیە من چی دەکەم بۆ ئەوەی ناسناوەکە بەدەستبهێنم، ئەوەش بەڕوونی دیارە کە لە ئەڵمانیا یانەکان ئەو ڕوحییەت و ئامانجەیان لەدەستداوە”.

هەروەها دەڵێت، “هەڵپەی یانەکانی دیکەی ئەڵمانیا نەماوە، لەبەر ئەوەی بایرن میونشن بە کمیچ و گۆرێتزکا و لیڤاندۆڤیسکی-یەوە هەڵپەی هەیە و هەمیشە یەکەمە، دەتوانم بڵێم هالاند یەکێکە لەو یاریزانانەی هەڵپە و گوڕوتینی تێدایە، دەرکەوتن و سەرکەوتنی بەهۆی ئاستی هونەرییەوە نییە، یاریزانێکی وەک مارکۆ ڕۆیس لەڕووی هونەرییەوە زۆر لەو بەتواناترە، بەڵام ئەگەر بێینەسەر بابەتی هەڵپەکردن و هەوڵدان بۆ بردنەوە، دەتوانم بڵێم هالاند دوو تا سێ هێندەی ڕۆیس باشترە”.

ماگاس لە ساڵی 1995 پۆستی ڕاهێنانی یانەی هامبۆرگی بەدەستهێنا، پاشان بە یانەکانی نورمبێرگ، ڤێردەربریمەن، ئینتراخت فرانکفۆرت، شتوتگارت، بایرن میونشن، ڤۆلفسبۆرگ، شالکە، فولهام و شاندۆنگ لونیندا تێپەڕیکردووە، یەکێکە لە شارەزاکانی بواری ڕاهێنان لە ئەڵمانیا و جیهان.

بابەتی پێشتر

 پەرلەمان لەبارەی کێشەی سووتەمەنی و مامۆستایانی وانەبێژ بەبێ ئامادەیی وەزیرەکان کۆدەبێتەوە

بابەتی دواتر

بافڵ تاڵەبانی ستایشی فەیسەڵ كەریم خان دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share