شارەزایەكی یاسایی وەڵامدەداتەوە
كام فراكسیۆن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ڕادەسپێردرێت؟

یاسای نوێی هەڵبژاردن و ئەنجامی دەنگدان گەورەترین كوتلەی یەكلاكردووەتەوە

شارەزایەكی یاسایی دەڵێت، فراكسیۆنی سەدر كە گەورەترینە لەڕووی ژمارەی كورسییەكانەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ڕادەسپێردرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی بریاری دادگای فیدراڵی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی، دەبێت لە یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەراندا وەك گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی لە رووی ژمارەی كورسیەكانیەوە خۆی ڕابگەیەنێت.

تارق حەرب، شارەزای یاسایی ڕایگەیاند، سەرۆك كۆمار كە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە هەڵدەبژێردرێت، پابەنددەبێت بە ڕاسپاردنی فراكسیۆنی سەدر بۆ پاڵاوتنی ڕاسپێردراو بە پێكهێنانی حكومەت، چونكە ئەنجامی هەڵبژاردن سەركەوتنی ئەو فراكسیۆنەی بەپلەی یەكەم بەرامبەر ئەوانی دیكە دەرخستووە.

حەرب لە لێدوانێكدا بۆ میدیا عێراقییەكان دەشڵێت، شیكردنەوەی دادگای باڵای فیدڕاڵی سنوورداركراوە بەپێی ماددەی (45) لە یاسای نوێی هەڵبژاردنی نوێنەران ژمارە 9ی ساڵی 2020 كە ڕێگری دەكات لە گواستنەوە لەنێوان ئەندامان و كوتلەكاندا، ئەو گواستنەوەیەی كە پێشتر دەبووە هۆی ناتەبایی لەبارەی دیاریكردنی گەورەترین كوتلە لەڕووی ژمارەوە، كە ڕێگری دەكات لە گواستنەوەی ئەندام بەو مانایە دێت كە كوتلەی پەرلەمانی ژمارەكانی جێگیردەبن و ناگۆڕدرێن بەڵكو وەك هەمان ژمارەی ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن دەمێنێتەوە.

ئەو شارەزایە ڕوونیشیدەكاتەوە، گواستنەوە جیاوازە لە هاوپەیمانیكردن، یەكەمیان وەك ئەندامێكی لەو كوتلەیەی بۆی گوازراوەتەوە ئەژماردەكرێت، هاوپەیمانیش هیچ ژمارەیەك بۆ كوتلە زیادناكات، بەهۆی ئەوەی هاوپەیمانییەكە بە هەمان ژمارەی ئەندامانی كوتلەكان دەمێنێتەوە بەبێ گۆڕانكاری، بەمەش كوتلەكە بە ژمارەكەی خۆی دەمێنێتەوە بەبێ زیادبووون، ماددەی 45ی یاسای هەڵبژاردن ڕێگری لە گواستنەوە كردووە و دەرگای بۆ هاوپەیمانی كردووەتەوە.

ئاشكراشیدەكات، ئەوەی لە هەڵبژاردنی ساڵی 2010دا ڕوویدا كاتێك لیستەكەی مالكی 89 كورسی و لیستەكەی عەلاوی 91 كوسی هێنا، ئەوكات گواستنەوە كراوە بوو بۆیە ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمان گوازرانەوە بۆسەر لیستەكەی مالیكی و بەوەش ئەندامانی كوتلەكەی بووە زیاتر لە 100 ئەندام و بەوەش بۆ پێكهێنانی حكومەت ڕاسپێردرا.

بەپێی وتەی ئەو شارەزایەی یاسا، ڕێگری لە گواستنەوە دەرگای زیادبوونی ئەندامانی هەر كوتلەیەك دادەخات و تەنها بەو ژمارەیە دەمێنێتەوە كە لە ئەنجامی هەڵبژاردندا ڕادەگەیەندرێت، ئەمەش پێچەوانە نییە لەگەڵ بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی كە كوتلە خاوەن زۆرترین ژمارە بە ئەنجامی هەڵبژاردن یان لە پەرلەمان پاش گواستنەوە، بەڵام حاڵەتی دووەم یاساكە ڕێگری لێكردووە و تەنها ڕێگە بە حاڵەتی یەكەم دەدات.

ڕۆژی یەكشەممە 10ی تشرینی یەكەم هەڵبژاردنی پێشخراوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بەڕێوەچوو، بەپێی ئەنجامە بەراییەكان كە تائێستا كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بڵاویكردونەتەوە ڕەوتی سەدر بەسەرۆكایەتیی موقتەدا سەدر 73 كورسی و هاوپەیمانیی “تەقەدوم” بەسەرۆكایەتیی محەمەد حەلبووسی 41 كورسی و هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتیی نوری مالكی 37 كورسییان بەدەستهێناوە.

لەسەر ئاستی هێز و لایەنە كوردستانییەكانیش پارتی 32 كورسی و هاوپەیمانی كوردستان 17 كورسییان بەدەستهێناوە.

بابەتی پێشتر

لێخۆشبوونی گومرگی بۆ هاوردەكردنی چەند ماددەیەكی پەیوەندیدار بە كشتوكاڵ دەركرا

بابەتی دواتر

"ئابڕوچوونە ئەم یاریزانە لە کورتە لیستی باڵۆندۆردا نەبێت"

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share