پێشمەرگەیەكی دێرین لە نەجەف پلەی یەكەمی هەڵبژاردن بەدەستدەهێنێت

محەمەد عنوز لەكاتی هەڵواسینی بانگەشەكانیدا

بەهۆی هەڵمەتە ساكارەكەی بانگەشەكردن و سەرچاوە داراییە سادەكەی، هیچ كەس باوەڕی نەدەكرد كاندیدێك ببێتە پێشەنگی بازنەكەی، نەك ئەوە، بەڵكو بشبێتە سەرۆكی پەرلەمانی داهاتوو ئەگەر بۆماوەیەكی كورتیش بێت.

ئەم ڕووداوە لەگەڵ كاندیدی سەربەخۆ لە بازنەی یەكی نەجەف، محەمەد عنوز هاتەدی و توانی كورسییەكی ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتوو بەدەستبهێنێت، بەبێ ئەوەی تیمێكی میدیایی كاریگەر یان گروپێك بۆ پشتیوانی لە چالاكییەكانی هەبێت.

محەمەد عنوز، كە یەكێكە لە پێشمەرگە دێرینەكانی نێو ڕیزەكانی حزبی شیوعی عێراق و ماوەیەكی ژیانی لە شاخەكانی كوردستان بەسەربردووە، بووە سوپرایزی هەڵبژاردنی پێشوەختەی تشرین، “كاندیدی هەژاران” وەك ئەوەی بووەتە ناسناوی، بە جلوبەرگە سادە و ئاساییەكەی و وتارە بەهێز و توانا ڕۆشنبیرییە باڵاكەی ناسراوە، بێ ئەوەی لە بازنەی توانا دارایی و سیاسییەكاندا بێت، هەر ئەمەش وایكرد ببێتە كەسی یەكەم لەنێو كاندیدە ڕكابەرەكانیدا.

بەپێی ئەو ئەنجامە بەراییانەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن بڵاویكردونەتەوە، محەمەد عنوز زۆرترین دەنگی بازنەی یەكی پارێزگای نەجەفی بە 15.404 دەنگ بەدەستهێناوە و بانگەشەكەی “دەنگت ئەستۆی خۆتە، ئەستۆ-شت كەرامەتتە، ئەستۆت ناكڕین و ئەستۆی خۆشمان نافرۆشین، بەڵكو بەرگری لە كەرامەتت دەكەین، چونكە لە ئەستۆماندایە” بووە بەهێزترین چەكی هەڵبژاردنی لە بەرامبەر كێبڕكێكارانیدا.

هەڵمەتێك بە 1000 دۆلار
چەندین وێنەی محەمەد عنوز بڵاوبوونەتەوە كە تیایدا دەردەكەوێت خودی خۆی لەناو ماڵەكەیدا سەرقاڵی ڕێكخستنی وێنە و فلێكسەكانی بانگەشەیە، دواتریش هەر خۆی لە شەقام و گەڕەكەكانی سنووری بازنەكەی هەڵیاندەواسێت.

لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا كە دوو هەفتە بەر لە دەنگدان دەستیپێكرد، عنوز خۆی وەك كاندیدێكی سەربەخۆ ناساند و دەستیكرد بە بڵاوكردنەوەی بەرنامەی هەڵبژاردنی لەڕێی فەیسبووكەوە، بێ ئەوەی هیچ تیمێكی میدیایی یان بانگەشەی هەبێت.

لە بانگەشەكانیدا عنوز وەلانانی پەرگیڕیی ئایینی و هەوڵدان بۆ فەراهەمكردنی ژینگەیەكی یاسادانانی سەقامگیر بۆ بەهێزكردنی سەروەریی وڵات و بەردەستخستنی هۆكارەكانی كەرامەت و ژیان بۆ عێراقییەكانی دووپاتكردەوە.

عنوز -ی تەمەن 64 ساڵ لە لێدوانەكانی پێشوویدا ئاشكرایكردبوو كە بانگەشەی هەڵبژاردنەكەی تەنها 1.5 ملیۆن دیناری تێچووە، كە دەكاتە نزیكەی هەزار دۆلاری ئەمریكی.

بەمەش شێوازی بانگەشەكەی بووە دیارترین و جیاوازترین بانگەشە لە مێژووی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە پاش ساڵی 2003ــوە.

بەرەو سەرۆكایەتیی پەرلەمان
ئەگەر كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئەنجامی كۆتایی براوەكان پاش كۆتاییهاتنی ماوەی سكاڵا ڕابگەیەنێت، پێدەچێت محەمەد عنوز یەكەم دانیشتنی پەرلەمان وەك بەتەمەنترین پەرلەمانتار بەپێی پێنوێنییەكانی ئێستا بەڕێوەببات.

بەپێی پوختەی ژیانی، عنوز لەدایكبووی شاری نەجەفە و هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە یاسای نێودەوڵەتی لە زانكۆی سانت پترسبۆرگ لە ڕوسیای فیدڕاڵ، جگە لەوەی چەندین توێژینەوە و نووسینی هەیە.

بابەتی پێشتر

میدیای پەكەكە: توركیا 300 هێرشی كیمیایی بەرپاكردووە<br>لە بادینان 548 كەس بەهۆی گازی کیمیاییەوە چوونەتە نەخۆشخانە

بابەتی دواتر

وتەبێژی هاوپەیمانی كوردستان: كورسییەكی دیكەمان لە موسڵ بەدەستهێناوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، لە واشنتن لەگەڵ رێكخەری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كۆبووەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە واشنتن لەگەڵ خاتوو ئەلیزابێس ریچارد، رێكخەری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە وەزارەتی…
Total
0
Share