میدیای پەكەكە: توركیا 300 هێرشی كیمیایی بەرپاكردووە
لە بادینان 548 كەس بەهۆی گازی کیمیاییەوە چوونەتە نەخۆشخانە

میدیاكانی نزیك لە پەكەكە باس لەوە دەكەن كە 548 كەس لە بادینان بەهۆی گازی کیمیاییەوە سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە، بەپێی ئەو سەرچاوانە، سوپای توركیا 300 جار گازی کیمایی لە باشووری كوردستان بەکارهێناوە.

بەشێك لە میدیاكانی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان بڵاویانكردەوە، لە مانگی ڕابردوودا 548 کەس لە ناوچەکانی بادینان بەهۆی کاریگەریی گازی کیمیاییەوە سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە.

ڕوونیانكردووەتەوە كە ئەو كەسانە لە ناوچەی کانی ماسی و دەوروبەری بەهۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی سووتانەوەی چاو و تێکچوونی بینین، ئازاری سەر، خوێنبەربوونی لووت، تەنگەنەفەسی، سووربوونەوەی پێست، دروستبوونی پەڵە لەسەر پێست سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە.

سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن كە پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەو کەسانەی گواستووەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سەربازیی سەیار لە بامەڕنێ و لەڕێگەی پێكهێنانی ژوورێکی ئۆپەراسیۆنەوە، کەیسەکەی شاردووەتەوە.

وەك سەرچاوەكان بڵاویانكردووەتەوە، “ئەو کەسانەی گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە سەربازییەكە، پرسیاریان لەبارەی هۆکاری گواستنەوەیان بۆ ئەو نەخۆشخانەیە کردووە، لەلایەن پەدەکەوە پێیان وتراوە جۆرێکی نوێی کۆرۆنا بڵاوبووەتەوە و پسپۆڕ لە تورکیاوە هێندراوە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەیان. بۆ ئەوەی ئەو زانیارییانەش ئاشکرانەبن پەدەکە هەڕەشەی لە موختاری گوندەکانی سنوورەکە کردووە”.

میدیاكانی نزیك لە پەكەكە لەزاری هەپەگەوە بڵاویانكردووەتەوە، سوپای تورکیا لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا نزیکەی 300 جار گازی کیمایی لە هێرشەکانیدا بۆسەر باشووری كوردستان بەکارهێناوە.

بابەتی پێشتر

ژنان سیستمی كۆتایان تێپەڕاند

بابەتی دواتر

پێشمەرگەیەكی دێرین لە نەجەف پلەی یەكەمی هەڵبژاردن بەدەستدەهێنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share