فەیسەڵ کەریم خان: دەنگی تەواوم بەدەستهێناوە بەڵام یاری بە ئەنجامەکانەوە کراوە

فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی، کاندیدی لیستی هاوپەیمانی کوردستان لە هەولێر ڕایگەیاند، 28 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردندا و ئەوەش بەسە بۆ بوون بە پەرلەمانتار، بەڵام دەستکاریی ئەنجامەکان کراوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی دەڵێت، “دوای تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدان، لەڕێگای چەند تیمێکی شارەزاوە تەواوی شریتەکانی دەنگدانمان کۆکردنەوە و لای خۆمان پاراستمانن، دوای کۆکردنەوەی کۆی دەنگەکان، سەرباری چاوسوورکردنەوە و ترساندن و گزیکردن، ژمارەی دەنگەکانی بەندە گەیشتنە نزیکەی (28,000) دەنگ و بەمەش زیاتر لە پێویستیی کورسییەکی پەرلەمانیمان مسۆگەرکرد”.

سەبارەت بە گۆڕانکاری لە ئەنجامەکاندا، کاندیدەکەی هاوپەیمانی ڕایگەیاندووە، “دوای کاتژمێر (11)ی شەوی 10ی ئۆکتۆبەر، یارییەکی مەترسیدار و بە چەندین ڕێگەی جیاواز جیاواز بە دەنگەکانتان کرا، بەجۆرێک کە ژمارەکان لە هەر شوێنە و بەجۆرێک دەخوێندرانەوە”.

فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی ڕاشیگەیاندووە، “ئێمە ئێوەی سەربەرز دڵنیادەکەینەوە کە لە دەنگەکانتان خۆشنابین و سکاڵای یاسایی تۆماردەکەین و تەواوی شریتی دەنگدان و بەڵگە و دۆکیومێنتەکان ڕادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین”.

“لێرەشەوە هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەینەوە کە گوایە هەڤاڵێکی یەکێتی بەشێک بێت لە یاریکردن بە دەنگەکانەوە، بەپێچەوانەوە هەم هەڤاڵی هاوسەرۆک- هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی و هەم هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی و هەڤاڵ دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ و تەواوی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، چۆن لە بانگەشەکەدا پشتیوان و هاوکارمان بوون، ئێستاش بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ گێڕانەوەی دەنگە دزراوەکانتان”، ئەمە بەشێک بوو لە قسەکانی فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی.

سەبارەت بە ئەنجامەکانی ئێستا ئەو کاندیدەی هاوپەیمانی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، “تەواوی ئەنجامە بەراییەکان ڕەتدەکەینەوە چونکە یارییەکی مەترسیدار بە دەنگەکانتان کراوە و زیاتر لە 161 سندوقیش تا دوێنێ نەنێردرابوون بۆ بەغداد، کە 80 سندوق لەناویاندا هی بازنەی یەکی سۆرانن؛ دڵنیاشتان دەکەمەوە کە دەنگی ئێوە ئەمانەتە و تەواوی دەنگەکانتان بە ئەمانەتەوە سەیردەکەین و پاراستنیان بە ئەرکی لەپێشینەمان دەزانین و دڵنیابن هەموو ڕێکارە یاساییەکان دەگرینەبەر بۆ ڕێگەگرتن لە دزینی دەنگەکانتان”.

بابەتی پێشتر

تۆڕی 5G دەچێتە ناو پیشەسازیی ئۆتۆمبێلەوە

بابەتی دواتر

ئەگوێرۆ و دێمبیلی گەڕانەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بافڵ جەلال تاڵەبانی: یادی دامەزراندنی یەکگرتوو ببێتە دەرفەت بۆ هەماهەنگی لەپێناو سەقامگیریی هەرێمەکەمان

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان…
Total
0
Share