یونسێف: 19 هەزار منداڵ لە ڕێگەی کۆچکردنیان بۆ ئەمریکا بەدارستانە هەرە ترسناکەکاندا تێپەڕیون

ڕێکخراوی یونسێف ئاشکرایکرد، زیاتر لە 19 هەزار منداڵ لەسەرەتای ئەمساڵەوە بە مەترسیدارترین دارستانە كەمەرەییەكانی سنووری نێوان پەنەما و کۆڵۆمبیادا تێپەڕیون بۆ گەیشتنیان بە ئەمریکا.

لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕێکخراوی یونسێف بڵاویکردەوە، لەهەر پێنج کۆچبەرێک کە بە دارستانەکانی دارین گاپ-دا تێپەڕیون، یەکێکیان منداڵبوون و نیوەشیان لەخوار تەمەنی پێنج ساڵەوە بوون.

یونسێف ئاماژە بەوەدەکات، لە ساڵی 2021دا لانیکەم تەرمی پێنج منداڵ لەو ناوچەیە دۆزراونەتەوە کە بەهۆی ترسناکی و خراپیی سنوورەکەوە لەو دارستانانەدا گیانیان لەدەستداوە.

جین جۆنگ بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکە لەو ناوچەیە دەڵێت، “لە قوڵایی ئەو دارستانانەدا ترسناکترین چەتەکانی دزی و تاڵانکردن و دەستدرێژی و ڕفاندنی مرۆڤ هەن، جگە لە ئاژەڵی دڕندە و مێرووە ژەهراوییەکان، هەروەها نەبوونی ئاوی خواردنەوە لەو شوێنانە”.

بەرپرسەکەی یونسێف باس لە چەند هەفتەی کۆتایی دەکات کە حاڵەتەکانی گیانلەدەستدانی منداڵان، ونبوونیان، ونکردنی دایک و باوک و کەسوکاریان بەڕێژەیەکی بەرچاو لەو سنوورە زیادیکردووە.

لەسەرەتای ساڵی 2021دا دەسەڵاتدارانی پەنەما هۆشدارییان دا لە مەترسییەکانی کردنەوەی ئەو سنوورانە، کە ماوەی ساڵێک بوو بەهۆی کۆرۆناوە داخرابوون.

ناوچەی دارین گاپ دارستانێکی كەمەرەیی چڕە، دەکەوێتە نێوان پەنەما و کۆڵۆمبیا، یەکێکە لە مەترسیدارترین ناوچەکانی ئەمریکای باشوور.

بابەتی پێشتر

کەوتنی گەلاوێژ.. یەکێک لە نیشانەکانی گۆڕانی وەرزەکان

بابەتی دواتر

جارێکی دیکە فڕۆکە نەناسراوەکان سنوورەکانی عێراق و سوریایان بۆردومانکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share