فەڕەنسا وەڵامی داوای بایكۆتی بەرهەمەكانی لەلایەن توركیاوە دەداتەوە

وەزیری بازرگانی فەڕەنسا ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەكەی نایەوێت وەك تۆڵەكردنەوە بایكۆتی بەرهەمە توركییەكان بكات سەرەڕای داواكارییەكەی سەرۆكی توركیا بۆ وەستاندنی كڕینی ئەو شمەكانەی فەڕەنسا دروستیدەكات.

فرانك ریستێر، وەزیری بازرگانی فەڕەنسا ئەمڕۆ دووشەممە 26ی تشرینی یەكەم ڕایگەیاند، هیچ وەڵامدانەوەیەكی تۆڵەكارانە لە بەرنامەیاندا نییە.

ئەوەشی وت كە نایانەوێت بایكۆتی بەرهەمی توركی بكەن، بەڵكو درێژە بە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ توركیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان،ی سەرۆكی دەدەن.

بەڵام ئیدانەكەی حكومەتی وڵاتەكەی دوپاتكردەوە بەرامبەر لێدوانەكانی ئەمدواییەی سەرۆككۆماری توركیا دەربارەی ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا.

وەزیری بازرگانی فەڕەنسا ئاماژەی بەوەشكرد، وڵاتەكەی ناترسێت یان پێشبینی ئەگەری بایكۆتی وڵاتان دەبارەی ئەو بەرهەمانەی وڵاتەكەی دروستیاندەكات ناكات.

لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا ئەردۆغان داوای لە هاوڵاتییانی وڵاتەكەی كرد بایكۆتی شمەكی فەڕەنسی بكەن، بەمەش چووە پاڵ بانگەشەی ژمارەیەك لە وڵاتانی ئیسلامی لە جیهاندا تایبەت بە بایكۆتی كڕینی بەرهەمی فەڕەنسی وەك ناڕەزاییەك بەرامبەر بڵاوكردنەوەی وێنەی كاریكاتێری پێغەمبەری ئیسلام.

دوێنێش وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا داوای لە وڵاتانی ئیسلامی كرد واز لە بیرۆكەی بایكۆتی شمەكەكانیان بهێنن بەهۆی ئەو ناكۆكییانەی بەمدواییە ڕوویانداوە.

سەربڕینی مامۆستایەك لە فەڕەنسا لەلایەن خوێندكارێكی چیچانی توندڕەوی خۆیەوە كاردانەوەی لەسەر ئاستی ناوخۆی ئەو وڵاتە لێكەوتەوە، پاش ئەوەش دەسەڵاتدارێتی پاریس هەڵمەتێكی بۆ سەر گروپ و كەسە توندڕەوە ئیسلامییەكان ئەنجامدا.

هەروەك لێدوانێكی ماكرۆن دەربارەی سوربوون لەسەر فەراهەمكردنی ئازادی بڵاوكردنەوەی كاریكاتێر، نیگەرانی وڵاتان و ڕێكخراو و كەسایەتییە ئیسلامییەكان لەسەر ئاستی جیهان لێكەوتەوە.

بابەتی پێشتر

‘باڵیۆزخانەی ئەمریكا بنكەیەكی سەربازییە و عێراق و ئێران قودس ڕزگاردەكەن’

بابەتی دواتر

ئەپڵ هۆشداری دەدات.. ئایفۆن 12 كێشەی هەیە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share