یەکەم تاقیکردنەوەی چارەسەری بۆماوەیی لە جیهاندا توانای بیستنی بۆ منداڵێک گەڕاندەوە

منداڵێکی بەریتانی دوای ئەوەی بوو بە یەکەم کەس لە جیهاندا کە بەشداری لە تاقیکردنەوەیەکی چارەسەری بۆماوەییدا بکات توانای بیستنی بۆ گەڕایەوە و پزیشکەکان دەڵێن، ”ئەوە دەبێتە سەردەمێکی نوێ لە چارەسەرکردنی نابیستاندا”.

ئۆپال ساندی، ئەو منداڵەی کە بەهۆی بوونی auditory neuropathy لە دەمارەکانی بیستنیدا لەگەڵ لەدایکبوونیدا توانای بیستنی نەبووە، بەڵام دوای وەرگرتنی چارەسەری بۆماوەیی و ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتوو لە تەنها 16 خولەکدا، توانای بیستنی بۆ گەڕایەوە.

دایک و باوکی ئۆپال تووشی سەرسوڕمان بوون کاتێک زانیان کە بۆ یەکەمجار منداڵەکەیان دەتوانێت ببیستێت دوای وەرگرتنی چارەسەرەکە، دایکی ئۆپال دەڵێت، ”بەڕاستی نەمدەتوانی باوەڕ بەوە بکەم، بەڕاستی ئەوە شتێکی سەرسوڕهێنەرە”.

دوای گەڕانەوەی هەستی بیستن بۆ ئۆپال، دایک و باوکی ئاماژە بەوە دەکەن، کچەکەیان ئێستا خولیای ئەوەی هەیە کە بە کەوچک بکێشێت بە مێزی نانخواردنەکەیدا بۆئەوەی زۆرترین دەنگە دەنگ دروست بکات.

پڕۆفیسۆر مانۆهار بانس، پزیشکی نەشتەرگەری گوێ و لێکۆڵەری سەرەکی تاقیکردنەوەکە لە لێدوانێکیدا رایگەیاند، ”ئەنجامە سەرەتاییەکان باشتر بوون لەوەی کە هیوامان بۆ دەخواست و چاوەڕێمان دەکرد، ئەو چارەسەرە لە داهاتوودا دەتوانێت ئەو نەخۆشانە چارەسەر بکات کە ئەو جۆرە نەخۆشییەیان هەیە”.

نەخۆشی auditory neuropathy بەهۆی هەڵەیەک لە بۆماوەیی OTOF روودەدات کە پرۆتینێک دروست دەکات کە پێی دەوترێت ئۆتۆفێرلین و هۆکارە بۆئەوەی خانەکانی ناو گوێ بتوانن پەیوەندی لەگەڵ دەماری بیستندا ببەستن، بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو هەڵەیەدا، چارەسەرە نوێیەکەی کۆمپانیای بایۆتەکنەلۆژیای کۆپییەکی کارای ئەو بۆماوەییە دەنێرێت بۆ گوێ.

چارەسەری بۆماوەیی DB-OTO بە تایبەتی بۆ ئەو منداڵانە ئەنجامدەدرێت کە کێشەی گۆڕانی بۆماوەییOTOFیان هەیە و تاوەکو ئێستا سێ منداڵ لەژێر ئەو چارەسەرەدان و لەبەر سەلامەتی تەندروستی ئۆپال ساندی تەنها لە یەک گوێیدا ئەو چارەسەرەیان بۆ ئەنجامداوە.

هەروەها منداڵی دووەمیش لەم دواییانەدا چارەسەری بۆماوەیی لە نەخۆشخانەکانی زانکۆی کامبریج وەرگرتووە و ئەنجامەکەی ئەرێنی بووە.

بابەتی پێشتر

سبەینێ هاتوچۆی بارهەڵگر قەدەغەدەکرێت

بابەتی دواتر

ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق زیاتر لە 280 ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share