ئیمارات 10 بنەمای بۆ 50 ساڵی داهاتووی خۆی دیاریكرد

حكومەتی ئیمارات 10 بنەمای بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتەكەی لە 50 ساڵی داهاتوودا دیاریكرد، خەلیفە بن زاید ئال نهیان سەرۆكی ئیمارات، بڕیاری گرتنەبەری 10 بنەماكەی پەسەندكرد بۆ ئەوەی بخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە.

بەپێی بڕیارەكە، هەموو وەزارەت و دەزگا و دامەزراوە حكومییەكانی ئیمارات پابەندی ئەو 10 بنەمایە دەبن و لە بڕیار و كارەكانیاندا پەیڕەویاندەكەن. ئاژانسی هەواڵی ئیمارات “وام” ئەو بنەمایانەی بڵاوكردووەتەوە و بریتین لە:-

بنەمای یەكەم: كاری لەپێشینەی گەورە، بەهێزكردنی ئیمارات دەبێت لەڕووی دامەزراوەكانی یاسادانان و چاكسازی و تەرخانكردنی بودجە و پەرەپێدانی هەموو ناوچەكان لەڕووی بیناسازی و گەشەپێدان و ئابورییەوە.

بنەمای دووەم: لەماوەی داهاتوودا هەوڵەكان چڕتربكرێنەوە لەپێناو بنیاتنانی ئابورییەكی باشتر و ڕەخساندنی باشترین ژینگەی ئابوریی جیهانی لە ئیمارات لە 50 ساڵی داهاتوودا.

بنەمای سێیەم: سیاسەتی دەرەوەی ئیمارات ئامرازێكە بۆ خزمەتكردنی ئامانجە نیشتمانییە باڵاكان و لەسەروویانەوە بەرژەوەندیی ئابوری كە ئامانجی دەستەبەركردنی ژیانێكی باشترە بۆ گەلی ئیمارات.

بنەمای چوارەم: بزوێنەری سەرەكیی گەشەپێدان لە داهاتوودا، سامانی مرۆییە، دەبێت پەرە بە فێركردن بدرێت و بەهرەمەندان لەخۆبگیرێن و پارێزگاری لە پسپۆڕەكان بكرێت.

بنەمای پێنجەم: دراوسێیەتی باش بنەمای سەقامگیرییە، ئەو ناوچە جوگرافی و میلـلی و كولتوورییەی ئیمارات تیایدا دەژی هێڵی بەرگریی یەكەمە و لەڕێگەیەوە ئیمارات پارێزگاری لە ئاسایش و سەلامەتی و ئاییندەی گەشەپێدانی خۆی دەكات، پەرەپێدانی پەیوەندیی سیاسی و ئابوری و میلـلیی سەقامگیر و ئەرێنی لەگەڵ ئەو ناوچەیەدا یەكێكە لە كارە لەپێشینەكانی سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەت.

بنەمای شەشەم: پتەوكردنی ناوبانگی جیهانیی دەوڵەتی ئیمارات ئەركێكی نیشتمانییانەی هەموو دامەزراوەكانە، میرنشینەكانی ئیمارات یەك ڕووگەی ئابورین، یەك ڕووگەی گەشتیارین، یەك ڕووگەی پیشەسازین، یەك ڕووگەی وەربەرهێنان و یەك ڕووگەی كولتوورین، پێویستە دامەزراوە نیشتمانییەكانمان هەوڵەكان یەكبخەن و سوودی هاوبەش لە تواناكان وەربگرن و كاربكەن بۆ بنیاتنانی دامەزراوەگەلی كیشوەربڕ لەژێر چەتری دەوڵەتی ئیماراتدا.

بنەمای حەوتەم: سەركەوتنی دیجیتاڵی و تەكنیكی و زانستیی دەوڵەتی ئیمارات، سنوورەكانی گەشەپێدان و ئابورییەكەی دەستنیشاندەكەن، وەك پایتەختی بەهرە و كۆمپانیا و وەبەرهێنانەكان لەو بوارانەدا بەهێزی دەكەن و دەیكەن بە پایتەختی ئاییندەی جیهان.

بنەمای هەشتەم: سیستمی بەهاكان لە دەوڵەتی ئیماراتدا بەردەوامدەبێت لە كرانەوە و لێبوەردەیی و پاراستنی مافەكان و بەهێزكردنی دەوڵەتی دادپەروەری و پاراستنی شكۆی مرۆڤایەتی و كولتوورەكان، هەروەها بەهێزكردنی برایەتیی مرۆڤانە و ڕێزگرتن لە ناسنامەی نیشتمانی. دەوڵەتی ئیمارات لەڕێگەی سیاسەتی دەرەوەیەوە بەردەوامدەبێت لە پشتیوانیكردنی هەموو ئەو دەستپێشخەری و پەیماندان و ڕێكخراوە جیهانییانەی ئاشتیخوازن و خوازیاری كرانەوە و برایەتیی مرۆڤانەن.

بنەمای نۆیەم: هاوكارییە مرۆییە دەرەكییەكانی ئیمارات بەشێكی دانەبڕاوی ڕێباز و پابەندییە ئاكارییەكانمانن دەرهەق بە گەلانی كەمبەخت. هاوكارییە مرۆییە دەرەكییەكانمان هیچ پەیوەندییەكیان بە ئایین و نەژاد و ڕەنگ و كولتوورەوە نییە، جیاوازیی سیاسی لەگەڵ هەر وڵاتێكدا نابێتە پاساوی بەهاناوەنەچوونی لە كارەسات و قەیران و دۆخە نالەبارەكاندا.

بنەمای دەیەم: داخوازی بۆ ئاشتی و ئاشتەوایی و دانوستاندن و گفتوگۆ لەپێناو چارەسەركردنی گشت ناكۆكییەكان، بنەمای سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتی ئیماراتە، هەوڵەكان لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەكان و هاوڕێ جیهانییەكان لەپێناو پتەوكردنی ئاشتی و سەقامگیریی هەرێمی و جیهانی، بزوێنەری سەرەكیی سیاسەتی دەرەوەن.

بابەتی پێشتر

كۆمسیۆن: ڕێژەی بەشداری سێ یەكی دەنگدەرانی تێپەڕاندووە

بابەتی دواتر

هەڵبژاردنی نوێنەران.. ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران لە هەرێمی كوردستان

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئەمنستی: بریندارەکانی نەغەدە لەترسی دەستگیركردنیان نەچوونەتە نەخۆشخانە

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی “ئەمنستی ئینتەرناشناڵ” ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی شاری نەغەدە-ی ڕۆژهەڵاتی كوردستان-ـەوە بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند،…
Total
0
Share