ئەمنستی: بریندارەکانی نەغەدە لەترسی دەستگیركردنیان نەچوونەتە نەخۆشخانە

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی “ئەمنستی ئینتەرناشناڵ” ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی شاری نەغەدە-ی ڕۆژهەڵاتی كوردستان-ـەوە بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، بریندارەکانی نەغەدە لەترسی دەستگیركردنیان سەردانی نەخۆشخانەیان نەکردووە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی نەغەدە سەر بە پارێزگای ئورمیەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێرش بۆسەر هاونیشتمانییانی کورد، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەمنستی ناڕەزایەتیی خۆی لە دەستگیرکردنی مێردمنداڵان، بێسەروشوێنکردنی خۆپیشاندەران و توندوتیژیی بەرامبەر دەستگیرکراوان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران-ـەوە دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە، “لە ئەنجامی ئەو ڕووداوانەدا دەیان کەس برینداربوون کە لە ترسی دەستگیركردنیان، سەردانی نەخۆشخانەیان نەکردووە”.

ڕاگەیەندراوەكە دەڵێت، “لە خۆپیشاندانەکاندا محەمەد عەلیزادە لە کاتێکدا لەلایەن کەسێکەوە ڕاونرابوو، لە پشتەوە بە گولـلە لێیدراوە و شایەتحاڵان دەڵێن ئەو کەسەی گولـلەکەی تەقاندووە، لەپاڵ هێزە تایبەتەکاندا وەستاوە، محەمەد عەلیزادە دواتر لە ڕێگای گواستنەوە بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە، ئەویش دەستپێک لە ترسی دەستگیركردنی، سەردانی نەخۆشخانەی نەکردبوو”.

ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی جەختدەكاتەوە كە “بەپێی بەڵگەکان و وتەی شایەتحاڵان، کەسانی سەر بە دەسەڵات، بە جلی مەدەنییەوە، لە پاڵ هێزە تایبەتەکاندا هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندەرانی کورد لە نەغەدە”.

ئەمنستی ئاشكرایدەكات كە دەزگا ئەمنییەکانی ئێران فشاریان خستووەتە سەر خانەوادەی محەمەد عەلیزادە تا بە ئامادەبوونی ئەوان لە گۆڕستانێکی دەرەوەی شار تەرمی ڕۆڵەکەیان بەخاک بسپێرن. دەشڵێت، “خۆپیشاندەرانی کورد لە نەغەدە بە چەکی تاپڕ، گولـلەی پلاستیکی و گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کراوەتەسەر”.

ئەو ڕێكخراوە داوا دەكات لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكانی نەغەدە بكرێت و جەختدەكاتەوە، “کاربەدەستانی ئێران پێویستە ڕێگەبدەن بە لێکۆڵینەوەی تاوانناسانەی کاریگەر، سەربەخۆ و بێلایەن لەسەر کوژرانی عەلیزادە و بەرپرسانی کوژرانی لە دادگایەکی دادپەروەرانە دادگایی بکرێن”.

ڕۆژی 7ی ئەم مانگە، لە شاری نەغەدە سەر بە پارێزگای ئورمیەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شەڕ لەنێوان چەند كورد و توركێكی شارەكەدا دروستبوو، بەو هۆیەوە هاوڵاتییەکی کورد كوژرا، دواتر خۆپیشاندانێک لەلایەن کوردانەوە لە بەردەم بنکەی پۆلیسی نەغەدە ڕێكخرا و بەهۆی هێرشی هێزە ئەمنییەکانی ئێران هاوڵاتییەکی کوردی تر کوژرا و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون.

بابەتی پێشتر

مانگێك تێپەڕی و بەغداد 200 ملیارەكەی نەناردووە.. فشاری سیاسی هەیە بۆ نەناردنی

بابەتی دواتر

لە سلێمانی سێ كەس بە تۆمەتی مامەڵەكردن بە دراوی ساختەوە دەستگیركران

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دیپلۆماتێكی ئێرانی: دانوستانەكانی ڤیەننا چووەتە كاتژمێرە یەكلاكەرەوەكانەوە

دیپلۆماتێكی ئێرانی ڕایدەگەیەنێت، ئەم كاتژمێرانەی ئێستا لە دانوستانەكانی ڤیەننا “یەكلاكەرەوەن”، وەك ئەوەی ڕۆژنامەی تەهران تایمز-ی ئێرانی بڵاویكردووەتەوە. دیپلۆماتەكە،…
Total
0
Share