دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی هێرشکردنە سەر بنکەیەکی دەنگدان، شانەی ئەمنی ڕوونکردنەوەی لەبارەی ڕووداوەکە دا و ڕایگەیاند، هیچ هێرشێک نەکراوە، پۆلیسێک بە هەڵە کوژراوە.
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی ڕایگەیاند، ئەو دەنگۆیەی سەبارەت بە هێرشکردنە سەر بنکەیەکی دەنگدان بڵاوبووەتەوە دوورە لەڕاستییەوە و ڕووداوەکە تەقەکردنێکی هەڵە بووە.
ئاماژەی بەوەکردووە، یەکێک لە پۆلیسەکانی ئەو بنکەیە تەقەی کردووە و بە هەڵە بەر پۆلیسێکی دیکە کەوتووە و گیانیلەدەستداوە، هەروەها پۆلیسێکی دیکەش برینداربووە.
بەپێی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، لە ناحیەی سەعدیەی سەر بە قەزای خانەقینی پارێزگای دیالە، لەبەردەم بنکەی موهتەدی بەهۆی کۆبوونەوەی خەڵک و قەرەباڵغییەوە، یەکێک لە پۆلیسەکان بەمەبەستی بڵاوەپێکردنیان تەقەی بە ئاسماندا کردووە، لەئەنجامدا پۆلیسێک کوژراوە و یەکێکی دیکەش برینداربووە.